هەواڵی ئەمڕۆ

بەشیر حەداد: پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم وەزارەتی بازرگانی عێراق خەرجیکردوە

- 3/15/2019 9:13:00 PM 5529 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جێگری دوەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق پارەی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی كوردستانی دابین كردبو، به‌ڵام وەزارەتی بازرگانی عێراق پارەكه‌ی بۆخۆی خەرجکردوە.

بەشیر حەداد جێگری دوەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت" پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم وەزارەتی بازرگانی عێراق خەرجیکردوە و ئێمەش به‌رده‌وام ده‌بین له‌ به‌دواداچون لەسەر ئەو بابەتە و وازناهێنین ده‌بێت له‌م ساڵدا جوتیاران شایسته‌ داراییه‌كانیان وه‌ربگرن".
وەزارەتی بازرگانی ئەو کاتی عێراق پارەی سێ ساڵی به‌فه‌رمانی حه‌یده‌ر عه‌بادی راگرتوه‌ و بۆ خەرجییەكانی خۆی بەكارھێناوە و نه‌یناردوه‌ بۆ جوتیارانی هه‌رێم

 

بەشیر حه‌داد ئاماژەی بەوەشکردوە، له ساڵی 2015 وەزارەتی دارایی عێراق پارەی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی كوردستانی دابین كردبو، بەڵام وەزارەتی بازرگانی ئەو کاتی عێراق پارەی ساڵه‌كانی (2015-2016-2017)ی به‌فه‌رمانی حه‌یده‌ر عه‌بادی راگرتوه‌ و بۆ خەرجییەكانی خۆی بەكارھێناوە و نه‌یناردوه‌ بۆ جوتیارانی هه‌رێم".
له‌ بودجه‌ی 2019 ماددەیەك دانراوه كه ئه‌و پاره‌یه‌ جارێكی تر خه‌رج بكرێته‌وه‌

 

جێگری دوەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دڵنیایی دەداتە جوتیاران و دەڵێت، ھەوڵەكانیان چڕ دەكەنەوە بۆ وەرگرتنەوەی شایستە داراییەكانی جوتیاران و وتیشی، له‌ بودجه‌ی 2019 ماددەیەك دانراوه كه ئه‌و پاره‌یه‌ جارێكی تر خه‌رج بكرێته‌وه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP