سه‌رۆك كۆماری عێراق ئیدانەی هێرشەکانی نیوزلەندا دەکات

- 3/15/2019 7:36:00 PM 2261 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سه‌رۆك كۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مڕۆ هه‌ینی ٢٠١٩/٣/١٥ سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و په‌لاماره‌ تاوانبارانه‌ی كرد كه‌ له‌ ناوچه‌ی (كریست چێرچ) له‌ نیوزله‌ندا نوێژخوێنانی كرده‌ ئامانج.

سەرۆک بەرھەم ساڵح له‌ به‌یاننامه‌یەکدا دەڵێت" به‌و په‌ڕی توڕه‌ییه‌وه‌ چاودێری هه‌واڵه‌كانی ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ پڕ تاوانكارییه‌مان كرد كه‌ تیرۆریستان له‌ كاتی نوێژی هه‌ینیدا كردیانه‌ سه‌ر هاوڵاتیانی بێتاوان له‌ دو مزگه‌وت له‌ ناوچه‌ی كریست چێرچ له‌ نیوزله‌ندا".
به‌ ئامانج گرتنی نوێژخوێنان به‌و شێوه‌ دڕندانه‌یه‌ ده‌ستدرێژیكردنه‌ بۆ سه‌ر هه‌مو به‌هاكانی چاكه‌خوازی و پێكه‌وه‌ ژیانی نێوان كۆمه‌ڵگەكان

 

سەرۆک کۆماری عێراق وتیشی" به‌ ئامانج گرتنی نوێژخوێنان به‌و شێوه‌ دڕندانه‌یه‌ ده‌ستدرێژیكردنه‌ بۆ سه‌ر هه‌مو به‌هاكانی چاكه‌خوازی و پێكه‌وه‌ ژیانی نێوان كۆمه‌ڵگەكان، ھاوکات دووپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ تیرۆر بوەته‌ دیارده‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی و پێویستمان به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی و كۆششی نێوده‌وڵه‌تییه‌ بۆ سنورداركردنی بڵاوبونه‌وه‌ی و له‌ ناوبردنی و وشككردنی سه‌رچاوه‌كان".

سەرۆک بەرهەم پەیام و سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری قوربانیان دەنێرێت و دەڵێت" خوای گه‌وره‌ له‌ قوربانیانی بێتاوان خۆش بێت و سه‌رەخۆشی له‌ كه‌سوكاریان ده‌كه‌ین و هیوای زو چاكبونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌كان ده‌خوازین".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە ناوەڕاستی شاری كریست چێرچ لە نیوزلەندا دو هێرشی چەكداری كرایە سەر دو مەزگەوت و بەو هۆیەوە 49 كەس كوژران و 48ی دیكەش برینداربون.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP