كۆریای باكور: ئەمریكا دەرفەتێكی زێڕینی لەدەستداو پێدەچێت كۆتای بە كۆبونەوەكان بهێنین

- 3/15/2019 6:23:00 PM 2007 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

بەرپرسێكی باڵای كۆریای باكور رایگەیاند، پێدەچێت كیم جۆن ئون كۆتایی بە كۆبونەوەكانی تایبەت بەداماڵینی چەكی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریكا بهێنێت.

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی هەواڵی بی بی سی نیوز، ئەمڕۆ هەینی 15/3/2019 كۆی سون های جێگری وەزیری دەرەوەی كۆریای باكور بەدیپلۆماتكارانی بیانی راگەیاندوە، لەدواین كۆبونەوەی لوتكەی نێوان كیم جۆن ئون و دۆناڵد ترەمپدا ئەمریكا دەرفەتێكی زێڕینی لەدەستدا و پێدەچێت كیم جۆن ئون سەرۆكی وڵاتەكەیان كۆبونەوەكانی تایبەت بەداماڵینی چەكی ئەتۆمی كۆتایپێبهێنێت.

بەدەستپێكردنی كۆبونەوەكانی لەگەڵ ئەمریكا، كۆریای باكور ئامادەیی بۆ داماڵینی بنكەی ئەتۆمی (یۆنگبۆن) دەربڕیبو، بەڵام پاش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ داماڵینی تەواوی چەكە ئەتۆمییەكانی كۆریای باكوری كردبوە مەرجی لابردنی سزاكان، ئەو دەرفەتە كۆتایهات.

بەهیچ جۆرێك كۆریای باكور تەسلمی داخوازییەكانی ئەمریكا نابێت

 

جێگری وەزیری دەرەوەی كۆریای باكور راشیگەیاند، كیم جۆن ئون راگەیەنراوێكی فەرمی بڵاودەكاتەوە و بەهیچ جۆرێك كۆریای باكور تەسلمی داخوازییەكانی ئەمریكا نابێت.

وتیشی، ئێمە چیتر ناچینە ئەمجۆرە كۆبونەوانەی كە تێیایاندا ئەمریكا هەنگاوێكی كرداری نانێت.

لەلایەكی دیكەوە كۆی سون های بە ئەسۆشییەتد پرێسی راگەیاندوە، تا ئێستا پەیوەندییە تایبەتییەكانی نێوان هەردو سەرۆك باشە.

كۆریای باكور لەكۆبونەوەی لوتكەی رابردو داوای لابردنی هەمو سزاكانی نەكردبو, بەڵكو داوای لابردنی پێنج سزای ئابوری سەرەكی كردبو

 

ئەوەشی ئاشكراكرد، كۆریای باكور لەكۆبونەوەی لوتكەی رابردو داوای لابردنی هەمو سزاكانی نەكردبو" بەڵكو داوای لابردنی پێنج سزای ئابوری سەرەكی كردبو".

مانگی رابردو كیم جۆن ئونی سەرۆكی كۆریای باكور و دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا لەهانۆی پایتەختی ڤێتنام كۆبونەوە و بەبێ واژۆكردنی هیچ رێكەوتنێك كۆتاییان بەكۆبونەوەكەیان هێنا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP