هەواڵی ئەمڕۆ

واشنتن: هەزاران شانەی نوستوی داعش لە سوریا و عێراق هەیە

- 3/15/2019 5:35:00 PM 898 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، نزیكەی 15 بۆ 20 هەزار لە ئەندام و لایەنگرانی داعش لە سوریا و عێراق هەیە و زۆرینەیان "شانەی نوستون".

جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە سوریا رایگەیاند، "ئێمە لە كۆتاییپێهێنانی ئۆپەراسیۆنەكانی روباری فورات-داین بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو خاكانەی لەژێردەستی پاشماوەی چەكدارانی داعش-دان."، وتیشی ژمارەیەكی كەم لەو چەكدارانە ماونەتەوە و چەند كیلۆمەترێكیش لەو خاكە بەدەستیانەوە ماوە.

ئاماژەی بەوەشدا، بەردەوامدەبن لە روبەڕوبونەوەكانیان دژ بە پاشماوەی چەكدارانی داعش و هەڵگرانی بیروبۆچونی ئەو رێكخراوە.

هیچ چوارچێوەیەكی زەمەنی بە مەبەستی كشاندنەوەی هێزەكانمان لە سوریا دانەنراوە

 

لەبارەی كشانەوەی هێزەكانیانەوە لە سوریا جێفری رایگەیاند، هیچ چوارچێوەیەكی زەمەنی بە مەبەستی كشاندنەوەی هێزەكانمان لە سوریا دانەنراوە و لە ئێستادا هێزەكانمان لەو خاكەدان.

جێفری داوای لە وڵاتان كرد ئەو هاوڵاتیانەیان وەربگرنەوە كە چەكدار و ئەندامی رێكخراوی داعش بون و لە ئێستادا لەلایەن شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دەستگیركراون.

دوێنێ پێنجشەممە، لەمیانی كۆتا روبەڕوبونەوەكانی هەسەدە و پاشماوەكانی چەكدارانی داعش لە ناوچەی باغۆز لە رۆژئاڤا، سەدان چەكداری داعش لەگەڵ خێزانەكانیاندا خۆیان رادەستی شەڕڤانانی هەسەدە كرد.

پێشتریش، لەمیانی كۆتا روبەڕوبونەوەكانیاندا، شەڕڤانانی هەسەدە كوژرانی 15چەكداری داعش-یان لە باغۆز راگەیاند و ئاماژەیان بەوەكرد، دوای روبەڕوبونەوەیەكی سەختی زەمینی و ئاسمانی بە هاوكاری هاوپەیمانانی ئەمریكی و ئەوروپی، توانیویانە بەتەواوی لە پاشماوەی چەكدارانی داعش نزیكببنەوە.

نوسینگەی راگەیاندنی تایبەت بە هێزەكانی سوریای دیموكرات لەوبارەیەوە رایگەیاند "هێزەكانیان لەو ناوچانەی بونەتە كۆتا مۆڵگەكانی پاشماوەی چەكدارانی رێكخراوی داعش، توانیویانە پێشڕەوی بكەن و دوای روبەڕوبونەوەیەكی سەخت كە ژمارەیەك كوژراو و برینداری لە چەكدارانی داعش لێكەوتوەتەوە، شەڕڤانان توانیویانە ژمارەیەكی زۆر پێگە كۆنترۆڵبكەن."




Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP