هەواڵی ئەمڕۆ

پێگەی مەسعود بارزانی لەسەروی سەرۆكی هەرێمەوە دادەنێت
نێچیرڤان بارزانی: شەڕەكە لەناو یەكێتیدا لەسەر ئەوەیە كێ چ پۆستێک وەردەگرێت

- 3/15/2019 4:46:00 PM 35695 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نێچیرڤان بارزانی، كە لەلایەن حزبەكەیەوە بەربژێركراوە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكدا كە (وەك سەرۆكی هەرێم قسە دەكات) و دەڵێت: "متمانەمان زۆرە كە بە زویی حکومەت پێکدەهێنین".

لەبارەی كاتی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، لە چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ ئەلمۆنیتەر، كە كچەی رۆژنامەنوسی دیار ئەمبەرین زەمان لەگەڵیدا سازیداوە، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت:" ئێمە لە گفتوگۆی چڕداین لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و لە هەمان کاتیشدا لەگەڵ گۆڕان لە دانوستانداین".

ئێمە عێراقین، کوردەکانی سوریا پێویستە بگەڕێنەوە بۆ رژێمی سوریا، تورکیا راستە لەبارەی پەکەکەوە، ئێران رۆڵێکی گرنگ و مەزنی هەیە

 

لە مەڕ پرسی نەتەوایەتی کورد و پارچەکانی تری کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەو چاوپێکەتنەدا دەڵێت" ئێمە عێراقین و کێشەی سنورەکانمان چارەسەرکردوە، دەربارەی کوردەکانی رۆژئاڤا داوادەکات کە" کوردەکانی سوریا پێویستە بگەڕێنەوە بۆ رژێمی سوریا، بۆ کوردەکانی باکوریش نێچیرڤان بارزانی بۆچوونی وایە کە تورکیا راستە لەبارەی پەکەکەوە،بۆ ئێرانیش دەڵێت" ئێران رۆڵێکی گرنگ و مەزنی هەیە".

سەبارەت بە ئاستەنگ و گرفتە هەنوكەییەكانی بەردەم پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، كاندیدەكەی پارتی بۆ سەرۆكی هەرێم دەڵێت:"مردنی جەلال تاڵەبانی گرفتەكانی لەناو یەکێتی دژوارتر کردوە". 

بەدڵنیاییەوە یەکێتی وەک هاوبەشێک دەمێنێتەوە و ئێمە متمانەمان زۆرە كە بە زویی حکومەت پێکدەهێنین

 

تایبەت بە دۆخی هاوپەیمانە ستراتیژییە دێرینەكەیان، نێچیرڤان بارزانی بەو پێگە میدیاییەی وتوە:"ئێستا زۆر گروپی جیاواز لە ناو یەکێتی هەن، پێویستە ئێمە لەگەڵ هەمویان دانوستاندن بکەین و ئەمەش کێشەیەکی روونە، بەدڵنیاییەوە یەکێتی وەک هاوبەشێک دەمێنێتەوە و ئێمە متمانەمان زۆرە كە بە زویی حکومەت پێکدەهێنین."

سەبارەت بە رێككەوتنی پارتی و یەكێتی، جێگری سەرۆكی پارتی دەڵێت: "ئێمە رێککەوتوین لەسەر چوارچێوەیەک بۆ چۆنیەتی پێکەوە کارکردن". 

دەربارەی ئاستەنگەكانی پارتەكەی لەو رێككەوتنەدا لەگەڵ یەكێتی، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندوە، "شەڕەکە ئێستا لەناو یەکێتیدا لەسەر ئەوەیە کێ چ پۆستێک وەردەگرێت. ئەوان هەستدەکەن پارتی زۆری بە گۆڕان بەخشیوە و شایستەی زیاترن". 

وەک سەرۆکی هەرێم چارەسەری ئەو دو پرسە لە سەروی ئەولەوییەتەکانی منەوە دەبن

 

ئەلمۆنیتەر لە نێچیرڤان بارزانی كە ئێستا سەرۆكی حكومەتە دەپرسێت: "وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئایا ئەولەویەتی كارەكانی ئێوە چارەسەركردنی كێشەكانتان دەبێت لەگەڵ بەغداد، ئایا دەتوانین بڵێین تۆ ئەو كەسەیت كە ئیدارەی ئەو پەیوەندییە دەكەیت؟ لە وەڵامدا، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت:"بێگومان. من بەردەوام گەشتی بەغدا دەکەم و دو هەفتە لەمەوبەر لەوێ بوم".

هەرچەندە لەئێستادا پۆستی سەرۆكی هەرێم بەپێی یاسا لەلایەن پەرلەمانەوە سڕكراوە و فراكسیۆنەكانی لایەنە سیاسییەكان لە پەرلەمانی كوردستان نەگەیشتونەتە رێكەوتن لەسەر چۆنیەتی و وادەی كاراكردنەوەی، بەڵام نێچیرڤان بارزانی رایدەگەیەنێت: "بەڵێ بێگومان، وەک سەرۆکی هەرێم چارەسەری ئەو دو پرسە لە سەروی ئەولەوییەتەکانی منەوە دەبن".

بە عادل عەبدولمەهدیم وت ئەو دو پرسە سەرەکییەی کە پێویستە چارەسەر بکرێن بریتین لە رێکخستنی دابەشکردنی داهات و ناوچە جێناکۆکەکان

 

كاتێكیش پێگەكە لەبارەی ناكۆكیەكانی حكومەتی بەغدا و هەولێر پرسیار دەكات، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "کاتێک لەگەڵ سەرۆکوەزیران عادل عەبدولمەهدی قسەم کرد، پێمگوت:ئەگەر عێراقێکی سەقامگیرمان بوێ و بمانەوێ ناکۆکییەکانمان چارەسەر بکەین، ئەو دو پرسە سەرەکییەی کە پێویستە چارەسەر بکرێن، بریتین لە رێکخستنی دابەشکردنی داهات لە نێوان بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان".

مەسعود بارزانی ئەو کەسەیە کە ناتوانرێت لە گۆڕەپانەکە دور بخرێتەوە

 

لەبارەی پێگەی ئایندەی مەسعود بازرانی، ئەلمۆنیتەر لە نێچیرڤان بارزانی دەپرسێت: ئایا دەتوانین بڵێین کە لەکۆتاییدا، مامت، مەسعود بارزانی وەک کەسی یەکەم دەمێنێتەوە؟نێچیرڤان بارزانی دەڵێت:"بە دڵنیاییەوە! 

هەر لەبارەی كاریگەری رۆڵی مەسعود بارزانیەوە، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "مەسعود بارزانی ئەو کەسەیە کە ناتوانرێت لە گۆڕەپانەکە دور بخرێتەوە!".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP