چاوشئۆغڵو: تورکیا پابەندی بەرەوپێشچونی هەنگاوەكانیەتی بۆ چونە ناو یەكێتی ئەوروپا

- 3/15/2019 4:41:00 PM 3386 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری دەرەوەی توركیا دڵنیایكردەوە، وڵاتەكەی بە ئاڕاستەی باشكردنی سیستەمی دادوەری و بەهێزكردنی حوكمی یاسا كاردەكات و پابەندی بەرەوپێشچونی هەنگاوەكانیەتی بۆ چونە ناو یەكێتی ئەوروپا.

لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ هەریەك لە فێدێریكا موغێرینی، نوێنەری ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا و یوهانس هان، نوێنەری راسپێردراو بۆ كاروباری وڵاتانی دراوسێ، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند "دوای چوار ساڵ دابڕان دانیشتن و كۆبونەوە لەبارەی ئەو پرسەوە، گرنگ و بەسودە لە گەیاندنی خاڵە هاوبەش و ناكۆكەكاندا."، وتیشی هیواخوازە رەخنە لە سیستەمی دادوەری وڵاتەكەی نەگیرێت.
رەخنەی لە ژمارەیەك وڵاتی ئەوروپا گرت كە مامەڵەیەكی نەرم لەگەڵ ئەو رێكخراوانەدا دەكەن كە توركیا بە "تیرۆرست و توندڕەو" ئەژماریاندەكات

 

چاوشۆغڵو  ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە ئەنجومەنی ئەوروپا گوێ لە بڕیارەكەی یەكێتی ئەوروپا سەبارەت بە وەستاندنی هاوكاریەكان بۆ وڵاتەكەی نەگرێت و رەخنەی لە ژمارەیەك وڵاتی ئەوروپا گرت كە مامەڵەیەكی نەرم لەگەڵ ئەو رێكخراوانەدا دەكەن كە توركیا بە "تیرۆرست و توندڕەو" ئەژماریاندەكات.

راشیگەیاند "نابێـت رێبازە توند و توندڕەوەكان لە چوارچێوەی ئازادیدا جێیان بكرێتەوە و، پێویستە لەو بارەوە هەڵوێست هەبێـت تا بتوانین هاوپەیەمانیمان درێژەپێبدەین." 

ئەوەش لەكاتێكدایە، چوارشەممەی رابردو 13ی ئازاری 2019، پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا پڕۆژە بڕیارێکی پەسەندکردوە و بەپێی ئەو بڕیارە، پرسی دانوستانەکان بۆ ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا هەڵدەپەسێردرێت.

کاتی پێری، نوێنەری هۆڵەندا لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە راپۆرتێکدا داوایکردبو پرسی دانوستانەکان بۆ ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا هەڵپەسێردرێت، پڕۆژەکەش بە 370 دەنگی ئەرێنی بەرامبەر 109 دەنگی نەخێر، پەسەندکرا.

لە راپۆرتەکەدا رەخنە لە سیاسەتەکانی تورکیا گیراوە سەبارەت بە بەشی یۆنانییەکەی قوبرس و داواکراوە کە تورکیا کۆتایی بە بونی سەربازیی خۆی لەو دورگەیە بهێنێت.

لە راپۆرتەکەدا وێڕای ستایشکردنی رۆڵی تورکیا لە بەرامبەر پەنابەران، هاوکات نیگەرانی پیشاندراوە لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو وڵاتە لە رۆژئاوای کورستان.

دوای ئەو بڕیارە عومەر چەلیک، وتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، "لە روانگەی ئێمەوە بڕیارەکە بێ بەهایە و کاری پێناکرێت".
ئه‌م بڕیاره‌ بێ به‌هایه‌، ده‌ریده‌خات كه‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا چیتر چوەته‌ هاوشانی ئایدۆلۆژی راستڕه‌وه‌ تونده‌كان

 

چه‌لیك له‌هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر نوسیویەتی، "ئه‌م بڕیاره‌ بێ به‌هایه‌، ده‌ریده‌خات كه‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا چیتر چوەته‌ هاوشانی ئایدۆلۆژی راستڕه‌وه‌ تونده‌كان، په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا دووركه‌وته‌وه‌ له‌ پێشهاته‌كانی دیموكراتی و پشتگیریكارانی، له‌ روانگه‌ی راستڕه‌وه‌ تونده‌كانه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ جیهان". 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP