هەواڵی ئەمڕۆ

یەكێتی نابێتە ئۆپۆزسیۆن
مەحمود سەنگاوی: ئێمە سواڵكەر نین تا سواڵ قبوڵ بكەین

- 3/15/2019 1:22:00 PM 38042 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، دروستبونی حكومەت بەبێ یەكێتی، حكومەتێكی شەلەل دەبێت، وتیشی: پارتی دەیەوێت سواڵ بە یەكێتی بكات، بەڵام ئێمە سواڵكەر نین تا سواڵ قبوڵ بكەین.
حكومەت بەبێ یەكێتی حكومەتێكی شەلەل و شكستخواردو دەبێت

 

مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە بەرنامەی گەرما و گەرمی كەناڵی گەلی كوردستان رایگەیاند:"رێكنەكەوتن لەگەڵ یەكێتی دەبێتە هۆی شەلەل بونی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتێكی شكستخوارد دروست دەبێت".

تەنها یەكێتی خۆی پارسەنگی خۆیەتی

 

لەوەڵامی ئەوەی هێزی تر هەیە بتوانێت پارسەنگی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بداتەوە لە حكومەتی داهاتوو، سەنگاوی وتی:" پێموانیە كەس بتوانێت پارسەنگی یەكێتی بداتەوە، یەكێتی هێزی خۆی هەیە، سنوری خۆی هەیە، بۆیە تەنها یەكێتی خۆی پارسەنگی خۆیەتی".

ئەگەر پارتی و یەكێتی رێكنەكەون لەسەر پۆستی وەزارەتی داد، كەسێكی بێلایەن دادەنێن

 

سەبارەت بە پۆستی وەزارەتی دادی عێراق، ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتی:" وەزارەتی داد پشكی كوردە، ئەگەر ئێمە رێكنەكەوین، رەنگە حكومەتی عێراق خۆی كەسێكی بێلایەن دابنێت و پرس بە پارتی و یەكێتیش نەكەن".

وتیشی: عادل عەبدولمەهدی نایەوێت لە نێوان ئێمە و پارتی لایەكمان بۆ لاكەی دیكە زویر بكات، ئەگەر رێككەوین لەسەر كاندیدێكی كورد، ئەوا هەمو لایەنەكان دەنگی پێدەدەن، ئەگەر رێكیش نەكەوین رەنگە ئەوان كەسێك دابنێن".

سەبارەت بە مەترسیەكانی داعش لە خواری كەركوك و قەرەتەپە و خانەقین و ناوچەكانی دیكە، سەنگاوی وتی: "داعش ئێستا پەلاماری سوپای عێراق و هێزە كوردیەكان و خەڵكی مەدەنی و هێزەكانی حەشد دەدات، لە ساڵی 2018 لە ناوچەی خانەقین 36 كەس لە هێزە كوردیەكان كوژراوە و 31 گوندیش چۆڵكراوە، داعش هێزێكی رەگەزپەرستە و تەنانەت ئەو كەسانەشی كاتی خۆی لەناو بەعس لە تەعریب بەشداربون ، ئێستا هاوكاری داعش دەكەن".

لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق كۆبونەوە هەیە 

 

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاشكراشی كرد: "كۆبونەوە هەیە لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، لەم چەند رۆژەی رابردو سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ عوسمان غانمی و فەرماندە سەربازیەكانی عێراق دانیشتون، بڕیارە بێنە خانەقین و پێكەوە دانیشین بۆ ئەوەی لەسەر مەلەفی ئەمنی ئەو ناوچانە رێكبكەوین".

ئەوەی ئێستا دەیانەوێت بیدەنە یەكێتی بەس "سواڵە" ئێمەش سواڵكەرنین تا سواڵ قبوڵ بكەین

 

لەبەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەدا، سەنگاوی وتی:"حەق بوو لەسەرەتاوە پرسیان بە یەكێتی بكردایە و پێیانبوتایە لە نێوان سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم كامیانتان دەوێت، بۆ ئەوەی ئێمە بەشداری راستەقینە بین لەم حكومەتە، لەلایەكی دیكە بەبێ پرسكردن بە ئێمە و بەبێ چاوەڕوانی سەرۆكی پەرلەمانیان هەڵبژاردوە كە پارتیە و جێگری پەرلەمانیش پارتیەو كەسێكی دیكەش كە پارتیە و بەناوی توركمانەوە دایانناوە بۆ سكرتێری پەرلەمان". وتیشی:"ئەوەی ئێستا دەیانەوێت بیدەنە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەس "سواڵ"ە ئێمەش سواڵكەرنین تا سواڵ قبوڵ بكەین".

ئەگەر هەرێمی كوردستان تێكبچێت،لە هەمو حزبەكان تێكدەچێت

مەحمود سەنگاوی راشیگەیاند:" لەنێوان پرۆژەكەی گۆڕان و پارتی" پرۆژەكەی "یەكێتی و پارتی" هەیە كە هەردوكمان لەسەری رێككەوتون، بەڵام كاتێك دێتە سەر راستی بابەتەكان و دروستكردنی حكومەت ئەوان رێكناكەون، حزبەكانی دیكە ئازادن و هیچیان كۆیلەی ئێمە نین تا بیانهێنین ئیمزایان پێ بكەین، بەڵام ئەگەر هەرێمی كوردستان تێكبچێت، تەنها لە یەكێتی و پارتی تێكناچێت، بەڵكو لە هەمو حزبەكانی دیكەش تێكدەچێت".

یەكێتی نابێتە ئۆپۆزسیۆن

ئەوەشیخستەرو" یەكێتی نابێتە ئۆپۆزسیۆن، ئۆپۆزسیۆنبونی یەكێتی وەكو هێزێكی بێ چەك نیە، ئێمە نە بزوتنەوەی گۆڕانین، نە نەوەی نوێین، ئێمە خاوەنی هێزی ئەمنین و خاوەنی پۆلیس و سەربازین، بونە ئۆپۆزسیۆن بونی ئێمە واتە دابڕان، بۆیە حكومەت بەبێ ئێمە دروست نابێت و هەر حكومەتێكیش دروستبێت شەلەلە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP