ئەو تۆمەتانە چەندین جارە دوبارە دەبنەوە
حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی ئەمریكا دەداتەوە

- 3/15/2019 9:19:00 AM 8454 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە راگەیەندراوێكدا، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەكانی، حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بە رەوشەكانی مافی مرۆڤ دەداتەوە.بەپێی راپۆرتێكی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كە رۆژی 2019/3/13 لەبارەی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە جیهان بڵاویكردەوە و تیایدا ئەوەی خستبوەڕو كە  لە عیراق وهەرێمی كوردستان زیندانیی نهێنی و ئەشكەنجەدانی گیراوانی داعش هەیە و رەوشی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كە لە چوارچێوەی مادەی 140ی دەستووری عیراق دان باسكردبوو.
بەشێكی ئەو تێبینی وتۆمەتانەی خراونەتە پاڵ هەرێمی كوردستان چەندین جارە دوبارە دەبنەوە

 

لە رێگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی گەیشتۆتە خەندان، دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەم راپۆرتەوە وتی:"بەشێكی ئەو تێبینی وتۆمەتانەی خراونەتە پاڵ هەرێمی كوردستان چەندین جارە دوبارە دەبنەوە ئەمە لە كاتێكدایە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو كەیسانەی بە پێی رێوشوێنە یاساییە كارپێكراوەكانی هەرێم یەكلایی كردۆتەوە، ئەو سەرچاوانەی كە چەند كەیسێكی راپۆرتەكە پشتی پێ بەستوە جێی پرسیارن.

هیچ زیندان و گرتوخانەیەكی نهێنی نییە 

 

سەبارەت بە رێوشوێنەكانی دەستگیركردن و بونی زیندانی نهێنی لە هەرێم دیندار زێباری وتی:"هیچ زیندان و گرتوخانەیەكی نهێنی نییە و هەر كەسێك دەستگیربكرێت بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێ، هیچ كەسێك بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیر ناكرێت بە هیچ تۆمەتێك و گشت رێوشوێنەكانیش بە بڕیاری دادگا ئەنجامدەدرێن".

د. دیندار زێباری دەشڵێت:"ئەو كەسانەی كە تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمترە و گومانیان لێدەكرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبوبێت، وەك قوربانی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت نەك تاوانبار".

90 تۆمەتباری داعش كە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵە لە گرتوخانەكانی هەرێم هەیە

 

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەكانی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە دەستگیركردن و ئەشكەنجەدانی مێرد منداڵانی داعش وتی: "جیاكردنەوەی هاوڵاتیانی ئاسایی و ئەوانەی پەیوەندییان بە داعشەوە لەكاتی هاتنیان بۆ هەرێمی كوردستان ئاسان نیە، بۆیە بەهۆی گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی تا ئێستادا (90)كەس لە نەوجەوانان و ئافرەتان و منداڵ هەیە لەوانە (14) كوڕ كە راگیراوە و (50)ی دیكەش لە كوڕەكان فەرمانی سزایان بۆ دەرچوە ئەمانە تەمەنیان لە (18) ساڵ كەمترە لەگەڵ (26) ئافرەت و لە ماوەی رابردوشدا ژمارەیەكی زۆریان كە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیركرابون ئازاد كراون و رەوانەی ئەو شوێنانەكراون كە لێوەی هاتبون".

زێباری رایگەیاند: "رێكخراوی یونیسێف بەم دواییە پارێزەرێكی راسپاردوە بۆ بەدواداچونی كەیسەكانی راگیراوان لەچاكسازی هەولێرو لایەنە پەیوەندیدارەكان هاوكارییەكی زۆری ئەو پارێزەرە دەكەن و بەم دواییە (6) لە گیراوان لە رێگای پارێزەرەكەوە ئازاد كراون".

ئاشكراشیكرد، ئەو مێردمنداڵانەی كە دایك و باوكیان دەستگیركراوە یان گومان لێكراون بە پەیوەندیكردنیان بە تیرۆریستانەوە، بەشێوەیەكی گشتی دەزگا پەیوەندیدارەكان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەركردنی كەیسی ئەو منداڵانە و ئەو كەیسانەی یەكلاكراونەتەوە چ بە ئازادكردن یا سزای زیندانیكردنیان وەرگرتبێت.

لە سێ ساڵی رابردوودا (2652) كەس بە تۆمەتی پەیوەندی بە رێكخراوی داعش دەستگیركراون

 

ديندار زێباری وتیشی: "لە سێ ساڵی رابردوودا (2652) كەس دەستگیركراون بە تۆمەتی پەیوەندی كردنیان بەرێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە، لەوانە (1100) كەسیان تۆمەتەكەیان بەسەردا ساغبۆتەوەو سزا دراون و سزاكەشیان زیندانی بووە لە نێوان سێ ساڵ تا هەتاهەتایە و بەپێی قەبارەی ئەو تاوانەی ئەنجامیانداوە، هەروەها (870) كەسیان ئازادكراون دوای ئەوەی لێكۆڵینەوەكان دەریانخست كە بێ تاوانن و (672) كەسیشیان لەژێر لێكۆڵینەوەدان".

بە وتەی زێباری، "دوای نەمانی كۆنتڕۆڵی داعش بەسەر ناوچەكە تا ئێستا (69) گۆڕی بە كۆمەڵ و دەیان گۆڕی تاك لەو ناوچانە دۆزراوەنەتەوە كە لە دەست داعش رزگار كراون كە بەشی هەرەزۆری قوربانییەكانی كوردانی ئێزیدی بون، داعش 68 مەزار و شوێنی ئایینەكانی ئێزیدی و كریستیانیان تەقاندەوە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP