هەواڵی ئەمڕۆ

فەیسبوك سەركەوتنی بەسەر كێشەیەكی مێژوییدا راگەیاند

- 3/14/2019 9:31:00 PM 10500 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

كۆمپانیای فەیسبوك رایگەیاند، توانیویەتی ئەو كێشەیە چارەسەربكات كە دوێنێ چوارشەممە روبەڕوی پێگەكەی بوەوە و بۆ ماوەی 17 كاتژمێر درێژەی كێشا.

وتەبێژی فەرمی كۆمپانیای فەیسبوك، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، دوای ئەوەی كێشەیەك روبەڕوی ئەو پێگە كۆمەڵایەتیە بوەوە و ملیۆنان بەكارهێنەری ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتیە نەیاندەتوانی هەژمارەكانیان لەو تۆڕە كۆمەڵایەتیە بەكاربهێنن، كۆمپانیاكە توانیویەتی بە رێژەی لەسەدا 100 كێشەكە چارەسەربكات.
ژمارەیەكی زۆر لە ئەكاونتی بەكارهێنەرانی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لە سەرتاسەری جیهان گرفتی تێكەوت و نەیاندەتوانی هیچ بابەتێك بڵاوبكەنەوە

 

ئاماژەی بەوەشدا، كۆمپانیاكە هەوڵێكی زۆریداوە بۆ گێڕانەوەی خزمەتگوزاریەكانی بۆ دۆخی ئاسایی خۆی دوای ئەوەی بەهۆی كێشەیەكەوە ژمارەیەكی زۆر پەڕەی فەرمی و هەژماری تایبەتی بەكارهێنەران لە ناوچە جیاوازەكانی جیهاندا نەیاندەتوانی بابەت بڵاوبكەنەوە و بەو هۆیەوە لێشاوی سكاڵا روبەڕوی بەرپرسانی ئەو كۆمپانیایە بوەوە.
لە تویتێكیشدا كۆمپانیای فەیسبوك رایگەیاندوە"دوێنێ لە ئەنجامی چاكسازی و گۆڕانكاری لە سێرڤەرێكدا، ژمارەیەكی زۆر لە بەشداربوان كێشەیان هەبو لە بەكارهێنانی ئەپڵیكەیشن وخزمەتگوزاریەكانماندا، لە ئێستادا كێشەكانمان چارەسەركردوە و سیستەمەكانمان چاكبونەتەوە. زۆر داوای لێبوردندەكەین بۆ ئەو كێشەیەی بوە هۆی بێزاریتان و سوپاسی ئارامگرتنتان دەكەین".

ئەوەش لەكاتێكدایە، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، ژمارەیەكی زۆر لە ئەكاونتی بەكارهێنەرانی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لە سەرتاسەری جیهان گرفتی تێكەوت و نەیاندەتوانی هیچ بابەتێك بڵاوبكەنەوە.

دوای ئەوەی ژمارەی سكاڵاكان لەژێر هاشتاگی (فەیسبوك داون) روی لە زیادبوندەكرد، تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بەكارهێنەرانی ئاگاداركردەوە، كێشەكە بەهۆی كاركردن لە تۆڕەكەدا دروستبوە و وڵات بە وڵات بەردەوامی دەبێت.

كێشەكە بۆ ماوەی 17 كاتژمێر و تا دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە بەردەوامبو، دەزگاكانی راگەیاندنیش ئەو كێشەیە بە ماوەدرێژترین كێشەی فەیسبوك ئەژماردەكەن لە مێژوی كاركردنی كۆمپانیاكەدا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP