هەواڵی ئەمڕۆ

خەندان پلانێکی دیکەی پارتی و یەکێتی بۆ رێکەوتنێکی نوێ ئاشکرادەکات

- 3/14/2019 7:52:00 PM 64549 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی بەردەوامە و لە هەنگاوێکی دیکەدا بەنواندی نەرمی زیاتر بەرامبەر بەو حزبە، دەیەوێت هەرچی زوە رازیی بکات و گرێکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەکەی مەسرور بارزانی بکرێنەوە.

پارتی دەیەوێت پێش ناوەڕاستی مانگی نیسان حکومەت پێکبهێنێت

 

سەرچاوەیەکی باڵای پارتی بە خەندان-ی راگەیاند، پارتی بەفەرمی داوای لە یەکێتی کردوە کۆبونەوەیەک لەبارەی پشک و بەرکەوتەکانی یەکێتی ئەنجامبدەن و لەوبارەیەوە بگەنە رێکەوتنی کۆتایی، بەوتەی ئەو سەرچاوەیە پارتی دەیەوێت پێش ناوەڕاستی مانگی نیسانی داهاتو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی رابگەیەندرێت.

سەرچاوەکەی خەندان ئاماژەی بەوەشکرد، "یەکێتی بۆ کۆبونەوە لەگەڵ پارتی لە هەفتەی داهاتودا رەزامەندی دەربڕیوە، بڕیاریشە کۆبونەوەکە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت".

پارتی رەزامەندی بۆ پێدانی وەزارەتێکی سیادی و شەش وەزارەتی خزمەتگوزاری بە یەکێتی دەربڕیوە

 

خەندان زانیویەتی، پارتی رەزامەندی دەربڕیوە بۆ پێدانی هەریەکە لە پۆستەکانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و جێگری سەرۆکی وەزیرانی هەرێم و وەزارەتێکی سیادی و شەش وەزارەتی خزمەتگوزاری بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کابینەکەی مەسرور بارزانی.

سەرچاوە باڵاکەی ناو پارتی وتیشی، "پارتی، یەکێتی دەستکراوە کردوە بۆ هەڵبژاردنی پاکێجەکەی لە هەریەکە لە وەزارەتەکانی پێشمەرگە، پلاندانان، داد، کارەبا، خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، پەروەردە، شەهیدان و ئەنفالکراوان، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، رۆشنبیری و لاوان و ئەوقاف و کاروباری ئاینی".

یەکێتی جگە لەوەی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حەوت وەزارەتی بەردەکەوێت، کە خۆی هەڵیاندەبژێرێت هاوکات لەلایەن پارتییەوە داوای لێکراوە بەپێی پاکێجی داواکاریەکانی لە چەند پۆستێکی دیکەدا هەڵبژاردنی دڵخوازی خۆی بکات.

پارتی، پێشنیازی ئەوەی خستوەتە بەردەم یەکێتی لە هەریەکە لە پۆستەکانی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و دەزگای گشتی مین و دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم  و بریکاری وەزیری ناوخۆ و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و بریکاری وەزیری سامانە سروشتیەکان و دارایی و جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و جێگری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، پشکی خۆی دیاریبکات بەپێی شایستەیی بەرکەوتەکانی.

خەندان ئەوەشی زانیوە، پارتی ئامادەیی دەبڕیوە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بداتە یەکێتی، بەمەرجی ئەوەی ئەو کەسەی لەسەر کورسی وتەبێژ دادەنیشێت، پێشوەخت پارتی رەزامەندی لەسەر دەرببڕێت.

کۆدەنگییەک لەناو جەمسەرە گرنگەکانی یەکێتی دروستبوە

 

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، لە ئێستادا کۆدەنگییەک لەناو جەمسەرە گرنگەکانی یەکێتی لە بەغداو هەولێر و سلێمانی و کەرکوک دروستبوە کە "ئەو جەمسەرانە نوێنەرایەتی بڕیاری زۆرینەی یەکێتی دەکەن"، بۆ ئەوەی لە بەرامبەر ئەو نەرمی نواندنەی پارتی، یەکێتی وەڵامی ئەرێنی هەبێت و یارمەتیدەربێت بۆ ئەوەی گرێکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بکرێنەوە.

پارتی ئامادەیە پۆستە سیاسی و دیپلۆماسیەکان لەگەڵ یەکێتی بەش بکات 

 

یەکێتی لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ پارتی داوای هاوسەنگی و شەراکەتی راستەقینە دەکات، بەرپرسانی ئەو حزبەش لە لێدوانەکانیاندا چەندینجار جەخیان لێکردوەتەوە، زانیاریەکانی خەندانیش ئاماژە بەوەدەکەن، پارتی ئامادەیە لەکۆی جومگە سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوری و ئەمنییەکاندا لە ئاستی بریکار و جێگرەکان هاوسەنگی و شەراکەت لەگەڵ یەکێتی بپارێزێت.

قوباد تاڵەبانی بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت تاڕادەیەکی زۆر یەکلاییە

 

هاوکات سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی زانیاریەکانی بۆ خەندان پشتڕاستکردەوە و سەبارەت بەپرسیارێکی خەندان، ئایا یەکێتی لەسەر دیاریکردنی بەربژێرەکان یەکلاییبوەتەوە؟ سەرچاوەکەی خەندان وتی، "تەنها قوباد تاڵەبانی، بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تا رادەیەکی زۆر یەکلاییە".

سەبارەت بە بەربژێری یەکێتی بۆ پۆستەکانی دیکە کابینەکە سەرچاوەکە وتی، بۆ سەرجەم پۆستەکانی دیکە زیاد لە بەربژێرێک هەیە، کە لەلایەن مەکتەب و مەڵبەند و ئاڕاستە جیاوازەکانەوە کاندید کراون، بەڵام ئەنجومەنی سەرکردایەتی بڕیار لەبارەی سەرجەم بەربژێرەکانی ئەو پۆستانە دەدات.

لە ئێستادا ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوکە

 

بەپێی زانیاریەکان، لە ئێستادا ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوکە، بەڵام بە پشتبەستن بە بەڵێنەکانی هەردو حزب لە کۆبونەوەی نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی و کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی پێدەچێت دوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەم، دیاریکردنی پارێزگار بۆ هەردو حزب هێندە قورس نەبێت.

دوری نێوان پارتی و یەکێتی بۆ گەیشتن بە رێکەوتن زۆرتربو، تا ئەوکاتەی 27ی مانگی رابردو کۆڕبەندى حزبە سیاسییەکانى عێراق لەسەر داوا و بە سەرۆکایەتی د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە بەغدا بەڕێوەچو، نوێنەری پارتیش لەو کۆبونەوەیەدا بەشداری تێداکرد.

پەیوەندی نێوانی پارتی و یەکێتی لەسەر بەغدا چوەتە قۆناغێکی ئەرێنییەوە

 

سەرچاوە باڵاکەی پارتی بۆ خەندان ئەوەشی وت، "دوای بەشداریکردنی هۆشیار زێباری، نوێنەری پارتی لە کۆڕبەندی حزبە سیاسییەکانى عێراق پەیوەندی نێوانی پارتی و یەکێتی لەسەر بەغدا چوەتە قۆناغێکی ئەرێنی ترەوە و چونکە پارتی دەستپێشخەری کرد لە مامەڵەکردنی فەرمی لەگەڵ سەرۆک کۆمار و دەرگای پەیوەندیەکی نوێی ناڕاگەیەندراوی کردەوە و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە".

بەرونی هەست بەکاریگەری ئەرێنی سەرۆک کۆمار دەکەین

 

لەوەش زیاتر سەرچاوەکەی پارتی وتیشی، "ئێستا بەرونی هەست بەکاریگەری ئەرێنی سەرۆک کۆمار دەکەین لە نزیککردنەوەی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی".

ئێستا لە هەرکاتێک نزیکترین لە رێکەوتن لەگەڵ یەکێتی

 

سەرچاوە باڵاکەی پارتی رونیشیکردەوە، ئێستا لە هەرکاتێک نزیکترین لە رێکەوتن لەگەڵ یەکێتی و کردنەوەی گرێکوێرەکان، چونکە بەکردەیی بەشێک لە داواکانی یەکێتی بۆ یەکپاکێجی (هەرێمی کوردستان، بەغدا، کەرکوک) جێبەجێ بوە.

سەبارەت بە کەرکوکیش کە یەکێتی داوای دەکرد لەگەڵ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمدا یەکلایی بکرێتەوە ئەو سەرچاوەیە وتی، "ئەو بابەتە بۆ نێوان و بڕیاری مەسعود بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ هێڵراوەتەوە و نزیک بە چارەسەرە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP