سعودیە تۆمەتبارانی کەیسی خاشقچی دادگایی دەکات

- 3/14/2019 2:33:00 PM 3011 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆکی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی سعودیە رایگەیاند، تۆمەتبارانی کەسی خاشقچیان راپێچی دادگاکردوە و رەتیشیکردەوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هیچ رۆڵێکی لەو کەیسەدا هەبێت.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمڕۆ پێنجشەممە بەندەربن محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی شانشینی سعودیە رایگەیاندوە، تۆمەتبارانی کەیسی کوشتنی رۆژنامەنوس جەمال خاشقچی دراون بەدادگاو رەتیشیکردەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ رۆڵێکی لەو کەیسەدا هەبوبێت.

بەندەر بەئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتوەکانی راگەیاندوە، حکومەت تۆمەتبارانی تاوانی کوشتنی خاشقچی لە سێی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردو راپێچی دادگاکردوە و تا ئێستا سێ دانیشتن بۆ کەیسەکە کراوە.

بەبێ ناوهێنانی تۆمەتبارەکان و رونکردنەوەی زیاتر لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچونی دادگایکردنەکە، سەرۆکی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی سعودیە لەدیدار ژنێڤ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان هیچ دەستێوەردانێکی نێودەوڵەتی قبوڵناکەن چونکە ئەوە پرسێکی ناوخۆییە و رۆڵی نێودەوڵەتی وەک دەستێوەردان لە کاروباری دادگاکان لەقەڵەم دەدەن.

رۆژی دووی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو هەواڵی کوشتنی رۆژنامەنوس جەمال خاشقچی بڵاوبوەوە و لە تەواوی جیهانەوە پەنجەی تۆمەت بۆ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی عەرەبی سعودیە راکێشرا.


نیشانەکردن :

#سعودیە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP