ئەمریکا بەپلانێکی نوێ روبەروی چالاکیەکانی ئێران دەبێتەوە

- 3/13/2019 11:26:00 PM 1226 جار خوێندراوەتەوە

خەندان

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند ئەمریکا لە هەوڵدایە هاوپەیمانێتییەکی ئەمنی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ روبەڕوبونەوەی چالاکییەکانی ئێران دروستبکات، دەشڵێت پێشکەوتن لەوبارەوە بەدەستهاتووە.
هاوپەیمانێتیەکە بە بەشداری چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت

 

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا راگەیاند:" مانگی داهاتوو پێکهێنانی هاوپەیمانێتییە ئەمنییەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەوتنی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت. هاوکات، بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاشکرایانکرد هاوپەیمانێتیەکە بە بەشداری چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت بۆ روبەڕوبونەوەی فراوانبونی هەژمونی ئێران لەناوچەکەدا.

لەوبارەیەوە کۆشکی سپی رایگەیاند هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو وڵاتانە لە بواری بەرگری موشەکی و راهێنانی سەربازی و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و پرسی دیکەی وەکو پاڵپشتی پەیوەندی ئابوری و دیپلۆماسی بۆ ئەو وڵاتانە لە پێشینەی کارەکانی ئەو هاوپەیمانێتیە دەبێت.

هاوپەیمانێتیەکە لەشێوەی ناتۆی عەرەبیدا دەبێت

 

ئەوەش ئاشکراکراوە هاوپەیمانێتیەکە بۆ وڵاتە عەرەبیەکانی هاوپەیمانی ئەمریکایەو لەشێوەی ناتۆی عەرەبیدا دەبێت، ئامانجەکەشی  رێگریکردنە لە دەستوەردانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە.

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لەو بارەوە دەڵێت: "هاوپەیمانێتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوپاتکردنەوەمانە لە روبەڕوبونەوەی دوژمنکاری و تیرۆر و توندئاژۆیی ئێران، ئامانجیش ئاشتییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".


نیشانەکردن :

#ئه‌مریكا #ئێران

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP