ئەمریكیەكان هێزێكی 100 هەزار كەسی بۆ سوننەكان دروست دەكەن

- 3/13/2019 10:38:00 PM 4390 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وته‌بێژ به‌ناوی هۆزه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا، شێخ مزاحم حوێت رایگەیاند کە ئەمریکا دەیەوێت لە عێراق باڵانس دروست بێتەوە و سوننەکان لەو لاوازییەی ئێستا نەمێننەوە و هێزێكی 100 هەزار سەربازی بۆ سونەكان دروستدەكات.

ئەمریكا رەزامەندبون لەسەری و لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ پێکھێنانی ئەو ھێزە دەبینن

 

شێخ مزاحم حوێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندوە، "چەند كۆبونەوەیەكمان لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا كردوە، پڕۆژەیەکی تەواومان بۆ پێکھێنانی ھێز بۆ سوننەکان داوەتە ھێزەکانی ئەمریکا و ئەوانیش رەزامەندبون لەسەری و لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ پێکھێنانی ئەو ھێزە دەبینن، و ئەمریكاش رەزامەندی دەربڕیوە و ئامادەییان نیشانداوە بۆ پڕچەككردن و دابینكردنی پێداویستیەكان".

دو هۆكار هەیە لە پشت داواكاری دروستكردنی هێز بۆ سونەكان

 

ئەو شێخەی هۆزەكانی نەینەوا ھۆکاری سەرەکی داواکارییەکەی گەڕاندۆتەوە بۆ دو خاڵ و وتویەتی: "یەکەمیان ئەوەیە دوای ئەوەی رێکخراوی داعش لە باغۆز لە سوریا شکستیھێنا و کشایەوە بەشێک لە چەکدارەکانی گەڕاونەتەوە بۆ عێراق و لە چەند ناوچەیەکدا ھەن و ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە، بەتایبەت بۆ ئێمە، ھۆکاری دووەمیش ئەوەیە ئەو چەکدارانەی لەنێو حەشدی شەعبیین بەشێکیان بەناوی چەکداری حەشدی ھۆزەکانەوەن کە ئەوان بەداخەوە سەر بە لایەنێکی دیاریکراون و بۆ بەرژەوەندیی ئەجیندای دیاریکراو کاردەکەن، بۆیە داوای ھەڵوەشانەوەمان کردوە و داوامان کردوە دووبارە پەیکەربەندیی بۆ بکرێتەوە و حەشدی نوێ بۆ ھۆزەکان یان ھێزەکانی سەحوەی پێشتر دروست بکرێتەوە".

ئەمریکییەکان دەیانەوێت پاڵپشتیی سوننەکان بکەن و دەیانەوێـت سوننەکانیش بەھێز بن

 

وتیشی:" ئەمریکییەکان پێشوازییان لە بیرۆکەکە کرد، داوای چەک و پارە و پێویستی و ئۆتۆمبیلی سەربازی و پێویستیی دیکەمان کردوە، ئەمریکییەکان دەیانەوێت پاڵپشتیی سوننەکان بکەن و دەیانەوێـت سوننەکانیش بەھێز بن، چونکە ئێستا بەتەنھا سوننەکان لاوازن و ھێزی سەربازییان نییە، ئەمریکییەکان دەیانەوێت باڵانسێک ھەبێت".

ئەوەشی ئاشكراكردوە كە "لەئێستادا دەستکراوە بەناونوسین و لە ھەندێک شوێن و پارێزگا خەریکن لیستەکانمان پێدەگاتەوە کە ناوی ئەندامانی ھێزەکانی تیادایە، بۆیە لە زووترین کات ئەو ھێزە دروست دەکرێـت و کاتی دروستکردنەکەش ناگاتە نیوەی دووەمی ئەمساڵ".

پێشبینی دەکەین نزیکەی 100 بۆ 150 ھەزار چەکدارمان ھەبێت

 

وته‌بێژی به‌ناوی هۆزه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا، راشیگەیاند "ئێمە لە ماوەکانی رابردودا لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ئەنبار و کەرکوک و ھەولێر و سەڵاحەددین و لە چەند شوێنێکی دیکە لەگەڵ ئەمریکیەکان کۆبونەوەمان کردوە بۆ دروستکردنی ئەو ھێزە و ھەر پارێزگایەک لە نێوان ١٠ بۆ ١٥ ھەزار چەکداری ھۆزەکان دەبێت، بەو پێیەش ھێزەکە پێشبینی دەکەین نزیکەی 100 بۆ 150 ھەزار چەکدارمان ھەبێت".


نیشانەکردن :

#ئه‌مریكا #داعش

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP