ئینستتیوتى په‌ى: لە 104 رۆژی پەرلەماندا پێشێلكاری لە پەیڕەوی ناوخۆ و یاسا شكێنی كراوە

- 3/13/2019 8:18:00 PM 1696 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئینستتیوتى په‌ى بۆ په‌روه‌رده‌و گه‌شه‌پێدان لە راپۆرتێكدا رایدەگەیەنێت پەرلەمانی كوردستان لە ماوەی 104 رۆژدا لە پێشێلكاری پەیڕەوی ناوخۆ و یاسا شكێنی كردوە.
نه‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به‌ته‌واوی هه‌ڵبژێردراوه‌ و نه‌ ئاسۆی پێكهێنانی حكومه‌تیش دیاره‌

 

لەو راپۆرتەدا كە وێنەیەكی گەیشتۆتە خەندان، ئینستتیوتى په‌ى رایگەیاندوە، له‌ كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان له‌هه‌مو سێكته‌ره‌كانیدا قه‌یرانی قوڵی هه‌یه‌، ماوەی 104 رۆژە پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خواردوە، به‌هۆی ناكۆكی له‌سه‌ر به‌ركه‌وته‌ی كه‌س و حزبی به‌درێژایی ئه‌وه‌ ماوه‌یه‌ (3) حزبی خاوه‌ن زۆرترین كورسی په‌رله‌مانی له‌ گفتوگۆی هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ بون وێرای ئه‌نجامدانی رێكه‌وتن، به‌ڵام تا ئێستا نه‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به‌ته‌واوی هه‌ڵبژێردراوه‌ و نه‌ ئاسۆی پێكهێنانی حكومه‌تیش دیاره‌".

یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ پێشێلكاری په‌یره‌وى ناوخۆ ده‌ستی پێكرد

 

ئینستتیوتى په‌ى راشیگەیاندوە، یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ پێشێلكاری په‌یره‌وى ناوخۆ ده‌ستی پێكرد، ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌ڵنه‌بژێردراو كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ كراوه‌یی هێڵدرایه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ نایاسایی بوو، تا رۆژى 18/2/2019 له‌ كه‌شێكی گرژی نا په‌رله‌مانی و نا سیاسیدا په‌رله‌مان كۆبوه‌و ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌ڵبژارد، دوابه‌دواى ئه‌وه‌ش رۆژى 26/2/2019 له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ترى په‌رله‌ماندا ته‌نها چه‌ند ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى یاسایی هه‌ڵبژێردران كه‌ ئه‌م كاره‌ش هه‌م ناپه‌یره‌وی بو هه‌م نا نه‌ریتی بو". 

لە درێژەی راپۆرتەكەدا ئەوەخراوەتەرو"ئه‌وه‌ى له‌ نیه‌تى لایه‌نه‌ سیاسیه‌ باڵاده‌سته‌كان و كۆبونه‌وه‌كانى په‌رله‌ماندا تێبینى ده‌كرێت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كى گرنگى وه‌ك په‌رله‌مان بێ بایه‌خ كراوه‌و له‌ رۆحیه‌تى دامه‌زراوه‌یی داشۆردراوه‌، ئه‌و یارییه‌ى لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌یكه‌ن له‌پێناو پله‌و پۆست، له‌سه‌ر حیسابی قوت و گوزه‌رانى خه‌ڵك و دامه‌زراوه‌ گشتیه‌كانه‌ و كاریگه‌ریی خراپى له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ و ناوبانگى هه‌رێمیش ده‌بێت".


دەقی راپۆرتەكە:


په‌رله‌مانی كوردستان: 104 رۆژ له‌ په‌یڕه‌و و یاسا شكێنیدا
ماوه‌ی (104) رۆژ به‌سه‌ر سوێندخواردنی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و (164) رۆژ به‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا تێپه‌ڕبووه‌، به‌هۆی ناكۆكی له‌سه‌ر به‌ركه‌وته‌ی كه‌س و حزبی به‌درێژایی ئه‌وه‌ ماوه‌یه‌ (3) حزبی خاوه‌ن زۆرترین كورسی په‌رله‌مانی له‌ گفتوگۆی هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ بوون وێرای ئه‌نجامدانی رێكه‌وتن له‌نێوان (پارتی دیموكرات – بزوتنه‌وه‌ی گۆران)، (پارتی دیموكرات – یه‌كێتی نیشتیمانی) به‌ڵام تا ئێستا نه‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به‌ته‌واوی هه‌ڵبژێردراوه‌و نه‌ ئاسۆی پێكهێنانی حكومه‌تیش دیاره‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌هه‌موو سێكته‌ره‌كانیدا قه‌یرانی قوڵی هه‌یه‌.

دۆخی په‌رله‌مان له‌ (104) رۆژدا 
یه‌كه‌م دانیشتنی ده‌ستپێكی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 6/11/2018 به‌ پێشێلكاری په‌یره‌وى ناوخۆ ده‌ستی پێكرد، ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌ڵنه‌بژێردراو كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ كراوه‌یی هێڵدرایه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ نایاسایی بوو، تا رۆژى 18/2/2019 له‌ كه‌شێكی گرژی نا په‌رله‌مانی و نا سیاسیدا په‌رله‌مان كۆبووه‌و ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌ڵبژارد، دوابه‌دواى ئه‌وه‌ش رۆژى 26/2/2019 له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ترى په‌رله‌ماندا ته‌نها چه‌ند ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى یاسایی هه‌ڵبژێردران كه‌ ئه‌م كاره‌ش هه‌م ناپه‌یره‌وی بوو هه‌م نا نه‌ریتی بوو، پاشان رۆژى 1/3/2019 په‌رله‌مان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا خولى به‌هاره‌ى راگه‌یاند و رۆژى 12/3/2019 له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تریدا ئه‌ندامانى سه‌رجه‌م لیژنه‌كان هه‌ڵبژێردران، كه‌ لێره‌شدا دیسانه‌وه‌ پێشێلى په‌یره‌وى په‌رله‌مان و یاساو نه‌ریتى په‌رله‌مانیی تیادا كرا، ده‌كرێت پێشێلكارییه‌كان له‌م خاڵانه‌دا چڕ بكه‌ینه‌وه‌:
1-كۆبوونه‌وه‌ى ده‌ستپێكى په‌رله‌مان له‌ 6/11/2018 تا 18/2/2019 كه‌ (104) رۆژ به‌ كراوه‌یی هێڵدرایه‌وه‌ پێشێلى ماده‌كانى (11) و (14)ى په‌یره‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان بوو.
2- كۆبوونه‌وه‌ى رۆژى 26/2/2019 كه‌ ته‌نها به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌ى یاسایی هه‌ڵبژێردران و لیژنه‌كانى تر دواخران، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى په‌یره‌و و نه‌ریتى خوله‌كانی پێشووی په‌رله‌مانى كوردستان بوو.
3-له‌ كۆبوونه‌وه‌ى رۆژى 12/3/2019 كه‌ ئه‌ندامانى سه‌رجه‌م لیژنه‌كان هه‌ڵبژێردران پێشێلى بڕگه‌ى دوو له‌ ماده‌ى (28)ى په‌یره‌وى ناوخۆ بوو به‌وه‌ى رێگه‌ به‌ ئۆپۆزسیۆن نه‌درا ئه‌ندام له‌چه‌ند لیژنه‌یه‌كى سیادیی وه‌ك (دارایی و سامانه‌سروشتیه‌كان و پێشمه‌رگه‌) دابنێن كه‌ ئیستیحقاقى خۆیان بوو، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌و دابه‌شكردنه‌ ده‌ڵێت: لیژنه‌كان به‌ پێی یاسایی سانتلیگۆ دابه‌شكراون و به‌ركه‌وته‌كانیان به‌پێی كورسیه‌كانیانه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆ له‌ به‌ركه‌وته‌كاندا لیژنه‌ سیادییه‌كانی هاوشانی وه‌زاره‌ته‌ سیادیه‌كانی تیادا نیه‌ بۆ ئه‌و فراكسیۆنانه‌ی ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان راگه‌یاندووه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر نه‌ریتی كاری په‌رله‌مانی له‌به‌رچاو بگیرایه‌ ده‌بوو ئۆپۆزسیۆن هه‌م ئه‌ندام له‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان وه‌ربگرێت و هه‌م سه‌رۆكایه‌تی گرنگترین لیژنه‌كانی په‌رله‌مانیش به‌وان بدرێت، هه‌روه‌ك چۆن له‌ پرۆژه‌ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستاندا هاتبوو، به‌ڵام به‌ ویستى زۆرینه‌ی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان مافه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆ په‌سه‌ند نه‌كرا.
4-په‌رله‌مانى كوردستان ماوه‌ى (164) رۆژه‌ هه‌ڵبژاردنى بۆ كراوه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ململانێى حزبی تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ هیچ كارێك بكات، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی خراپى له‌سه‌ر ئه‌ركه‌كانى په‌رله‌مان و پێكهێنانى حكومه‌ت و گوزه‌رانى هاوڵاتیان هه‌یه‌.
5-له‌ دانیشتنه‌كانى په‌رله‌ماندا پێشێلكاریى كراوه‌، به‌وه‌ى كه‌ نازانرێت به‌ كامه‌ په‌یڕه‌و كارده‌كه‌ن، له‌ دانیشتنه‌كانى (6/11/2018) و (18/2/2019) دا به‌ په‌یره‌وه‌ كۆنه‌كه‌ كاریان كرد و بیانوشیان ئه‌وه‌ بوو كه‌ په‌یره‌وى تازه‌ له‌چه‌ند بڕگه‌و ماده‌یه‌كدا له‌گه‌لأ یاساكاندا ناكۆكه‌، به‌ڵام له‌ كۆبوونه‌وه‌ى رۆژى (12/3/2019) به‌ په‌یره‌وه‌ تازه‌كه‌ كاریان كرد به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌په‌یره‌و یا له‌ یاساكانیشدا كرابێت!
6-كاتى بوونى سه‌رۆكى په‌رله‌مان كاریگه‌ریی خراپى له‌سه‌ر ئه‌دای په‌رله‌مان ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌م خوله‌ كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ یاسا و ئه‌ركی گرنگی هه‌یه‌ و كاریگه‌ری ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیش به‌ ئاشكرا له‌سه‌ر پرسه‌كان هه‌یه‌ .

سه‌باره‌ت به‌ كاری فراكسیۆنه‌كان، به‌شداری یه‌كێتی نیشتیمانی له‌ دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان جێگه‌ى سه‌رسوڕمانه‌، چونكه‌ فراكسیۆنى یه‌كێتى جگه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ده‌ستپێكى سوێندخواردن به‌شدارى هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ترى په‌رله‌مانى نه‌كردووه‌، كه‌چى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى فراكسیۆنه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى به‌شدارى ده‌كات و لیستى ناوى ئه‌ندامانیشى بۆ لیژنه‌كان ناردووه‌ بۆ ده‌نگدان له‌سه‌رى به‌بێ ئه‌وه‌ى خۆى به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بكات! 
سه‌ره‌نجام
ئه‌وه‌ى له‌ نیه‌تى لایه‌نه‌ سیاسیه‌ باڵاده‌سته‌كان و كۆبوونه‌وه‌كانى په‌رله‌ماندا تێبینى ده‌كرێت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كى گرنگى وه‌ك په‌رله‌مان بێ بایه‌خ كراوه‌و له‌ رۆحیه‌تى دامه‌زراوه‌یی داشۆردراوه‌، ئه‌و یارییه‌ى لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌یكه‌ن له‌پێناو پله‌و پۆست، له‌سه‌ر حیسابی قوت و گوزه‌رانى خه‌ڵك و دامه‌زراوه‌ گشتیه‌كانه‌ و كاریگه‌ریی خراپى له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ و ناوبانگى هه‌رێمیش ده‌بێت.
هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ په‌یڕه‌وێ نوێ كاربكات و یه‌كه‌مین كاریشی هه‌مواری یاساكان بێت بۆ گونجاندن له‌گه‌ڵ په‌یڕه‌وی نوێی په‌رله‌مان، پاشان هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یره‌وه‌كه‌ به‌مه‌به‌ستی پڕكردنه‌وه‌ی كه‌لێنه‌كانی، چونكه‌ سه‌رجه‌م ئه‌ركه‌كانی په‌رله‌مان له‌ په‌یڕه‌ودا رێكخراوه‌، نه‌ك به‌و جۆره‌ى ئێستا كه‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى چى له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی باڵا ده‌ست بێت كار به‌وه‌یان بكه‌ن.                                   

ئینستتیوتى په‌ى بۆ په‌روه‌رده‌و گه‌شه‌پێدان
13/3/2019


نیشانەکردن :

#پەرلەمانی کوردستان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP