فراکسیۆنە کوردەکان داوا دەکەن لایەنە سیاسییەکان لە کەرکوک بە یەک لیست بەشداری ھەڵبژاردن بکەن

- 3/13/2019 6:58:00 PM 1891 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ لە كۆبونەوەی فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق، داوا كرا هێزو لایەنە سیاسییەكان بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردن بكەن لە پارێزگای كەركوك .

بەپێی راگەیەندراوێكی جێگری دوەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بەشیر حەداد، لە کۆبوونەوەکەدا چەند خاڵێک خرانەڕو بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە پەیوەستانەی کە پێویستە فراکسیۆنە کوردەکان لەسەری یەک دەنگ بن.
فراكسیۆنەكان رێككەوتن پێكەوە سەردانی ناوچەكانی مادەی 140 بكەن

 

لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆكراوە لەسەر ئەوەی پێویستە ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن، ھاودەنگی فراکسیۆنەکانی لەسەر بێت، لە بەرەنجامی قسەکانیاندا چەندین بۆچونی جیاواز ھەبو، بەڵام زۆربەی فراکسیۆنەکانی کورد لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ ئەو بۆچونەبون کە کورد بە یەک لیست بەشدار بێت لە ھەڵبژاردنەکاندا لە کەرکوک. 

هەر لەو كۆبونەوەیەدا داواشكراوە لە دەستنیشانکردنی لیژنەکانی پەرلەمان و سەرۆکی لیژنەکان و ئەو رێژەیەی کە لە پەرلەمانی عێراق بۆ کورد دانراوە، بە ڕاوێژ لەگەڵ فراکسیۆنەکان کاری لەسەر بکرێت و بەپێی ڕێژەی کورسییەکان ئەو دابەشکارییە لە نێو فراکسیۆنەکاندا ئەنجامبدرێت. 

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەیاندا، فراكسیۆنە كوردیەكان ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە ھەمویان بەیەکەوە سەردانی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ بکەن، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری دیموگرافیای ناوچەکە بن. 

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP