هەواڵی ئەمڕۆ

نەتەوە یەکگرتوەکان موسڵ بنیاتدەنێتەوە
لەتراژیدیای وێرانەی داعشەوە بۆ گەورەترین ئاوەدانکردنەوە

- 3/13/2019 3:58:00 PM 4794 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رایگەیاند، 15 هەزار خانو لە موسڵ نۆژەندەکاتەوە، کە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی 90 هەزار کەس بۆ خانوەکانیان.

15 هەزار خانو له‌ رۆژئاواى موسڵ نۆژه‌نده‌كاته‌وه‌

 

نەتەوە یەکگرتوەکان لە راپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە، "15 هەزار خانو له‌ رۆژئاواى موسڵ نۆژه‌نده‌كاته‌وه‌، به‌مه‌ش دۆسیه‌ى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م ئه‌و خانوانه ‌له‌ كاره‌كانى هێنانه‌كایه‌وه‌ى سه‌قامگیرى ده‌گه‌یەنێته‌ زياتر له‌ 30 هەزار خانو كه‌ ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین بنیادنانەوەیە له‌ عێراقدا".

دكتۆر محمد سدیق مداوى، سه‌رۆكى به‌رنامه‌ى سه‌قامگیرى له‌ به‌رنامه‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌رەپێدان رایگەیاند، پڕۆژه‌كه‌ 29 گه‌ڕه‌ك له‌ ڕۆژئاواى موسڵ ده‌گرێته‌وه‌ له‌و شوێنه‌ى كه‌ پێشتر چه‌كداره‌كان خه‌لافه‌تیان تێدا راگه‌یاندبو، زيانى زۆرى پێگه‌یشتوه‌ له ‌میانى شه‌ڕى ئازادكردنى شاره‌كه‌ له ‌ده‌ست داعش، ئەمەش ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى 90 كه‌س بۆ خانووه‌كانیان.

كارێكى گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ بۆ ئەو خێزانانەی دەیانەوێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شوێنه‌كانیان

دكتۆر محمد سدیق مداوى، دەشڵێت،"ئه‌م پڕۆژه‌ى نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه‌ كارێكى گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ بۆ ئەو خێزانانەی دەیانەوێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شوێنه‌كانیان".

وتیشی،" ئێمه له‌ ڕومادى وفه‌لوجه‌، هه‌روه‌ها به‌رتله‌ وبه‌عشیقه‌ له‌ ده‌شتى نه‌ینه‌وادا،  بینیمان نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى خانووه‌كان چ كاریگه‌ریه‌كى بۆ گۆڕانكارى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا".

ئه‌وله‌ویه‌ت ده‌درێت به‌و خێزانانەی كه ‌له ‌دۆخێكى زۆر ناسكدا ژیان ده‌گوزه‌رێنن

 

باسیلەوەشکرد، ئه‌وله‌ویه‌ت ده‌درێت به‌و خێزانانەی كه ‌له ‌دۆخێكى زۆر ناسكدا ژیان ده‌گوزه‌رێنن، وه‌كو ئه‌و خانه‌وادانه‌ى كه‌وا ژن سه‌رۆك خێزانه‌ و یان ئه‌و خێزانانەی کە گەنجێک به‌رێوبه‌ر‌ى ده‌بات، یاخود ئه‌وانه‌ى خاوەنپێداویستی تایبەتن، یاخود ئەو کەسەی بێکاربوە لەماوەی ئەم سێ ساڵەدا کە پێشتر کاری هەبوە.

دەشڵێت، گه‌ڕه‌كه‌كان ده‌ستنيشانكراون به ‌ڕاوێژكارى له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌ خۆجێیه‌كان و ئۆفیسى پارێزگا بە بنه‌ما له‌سه‌ر ژماره‌ى گه‌ڕاوه‌كان و ئاستى ئه‌و زيانه‌ى كه‌به‌ر شوێنه‌كان كه‌وتوه‌ و هه‌مو كاره‌كانى چاككردنه‌وه‌ به‌ڕه‌زامه‌ندى خاوه‌ن خانوەکان كراوه‌ و كاره‌كان له‌لایه‌ن لیژنه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكومه‌ته‌وه‌  چاودێرى ده‌كرێت.

بڕیار وایه‌ هەمو پڕۆژه‌كه‌ تا مانگى تشرينى دوەم 2019 ته‌واو ببێت

 

كاره‌كانى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵه‌ى یه‌كه‌م له‌ خانوه‌كان له‌ كۆتایی مانگى ئازاردا ته‌واو ده‌بێت، بڕیار وایه‌ هەمو پڕۆژه‌كه‌ تا مانگى تشرينى دوەم 2019 ته‌واو ببێت.

نزیكه‌ى هەشت سەد پڕۆژه‌ى سه‌قامگیرى كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت له‌ موسڵ، كه‌ چاككردنه‌وه‌ى تۆڕى ئاو كاره‌با ده‌گرێته‌وه‌، بنیاتنانه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ى په‌روه‌رده‌یی و بنكه‌ى ته‌ندروستى، و دابینكردنى هه‌لى كار بۆ خه‌ڵكى له‌ ناوخۆدا بۆ لابردنى پاشماوه‌ى ورده‌ به‌رد له‌ شه‌قامه‌كاندا.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP