بەڕێوەبەرانی ئاسایش و پۆلیسی سلێمانی وردەکاری رفاندنی پارەی نەخۆشخانەی شار ئاشکرادەکەن

- 3/13/2019 9:07:00 AM 27128 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لیوا حەسەن نوری، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، سەرجەم ئەنجامانی باندە دزییەکەی سلێمانی دەستگیرکران کە حەوت کەسن و خەڵکی سلێمانین.

لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەڕێوەبەرانی ئاسایشی سلێمانی و پۆلیسی سلێمانی وردەکاری رفاندنی پارەی موچەی نەخۆشخانەی شاریان ئاشکرا کرد، کە دوێنێ سێشەممە رفێندرا.

لیوا حەسەن نوری، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لیژنەکی هاوبەش لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و ئاسایش و دەزگای زانیاری پێکهێندرا و توانرا لەماوەی یەک کاتژمێردا لەلایەن دەزگای زانیاریەوە سەرەداوەکانی بگەیەندرێتە پۆلس و ئاسایش".

ئاماژەی بەوەشکرد، "بە بڕیاری پۆلیس سلێمانی ژوری ئۆپەراسیۆن پێکهێندرا، توانرا پارەکە بە تەواوی دەستی بەسردا بگیرێت و لەگەڵ دو ئۆتۆمبێلدا، ئەمڕۆش بەبڕیاری دادوەر پارەکە بەسەر فەرمانبەرانی نەخۆشخانەدا دابەش دەکرێت".

ئەو کەسانەی کە دزییەکەیان ئەنجامداوە، خەڵکی هەرێمی کوردستانن و کوردن

 

بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی وتیشی، "لەمەودوا ئەو شوێنانەی کە دەچن بۆ موچە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداربکەنەوە، تاوانبارەکانیش لە ناو شاری سلێمانی و دەوروبەری دەستگیرکران و نەچونە دەرەوە، ئەو کەسانەی کە دزییەکەیان ئەنجامداوە، خەڵکی هەرێمی کوردستانن و کوردن".

سەبارەت بەوەی کە کەسێک یاخود لایەنێک لە پشتی روداوەکەوە هەبێت عەمید ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا رایگەیاند، "ئەوانەی ئەو پڕوپاگەندەیە دەکەن چاویان بە ئارامی شاری سلێمانی هەڵ نایەت".

لەسەدا 80 ئەو باندە کۆنە پیاو کوژ و دز و چەتەن و هەموی لە زینداندا سزادراون و لە وێوە یەکتریان ناسیوە

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانە گروپێکن و ئەم تاوانەیان ئەنجامداوە لەماوەی کەمتر لە 15 کاتژمێردا پارەکە ئۆتۆمبێلکەش دەستیان بەسەردا گیراوە و لەسەدا 80 ئەو باندە کۆنە پیاو کوژ و دز و چەتەن و هەموی لە زینداندا سزادراون و لە وێوە یەکتریان ناسیوە.
یەکێک لەو کەسانە کە سەرۆکی باندەکەیە ماڵیان نزیکی ئەو بانکەی پارە وەرگرتنەکە بوە، توانیویەتی کۆنە زیندانییەکی دیکە ئیستیغلال بکات کە بە ناڕاستەوخۆ کەسێکی لەو لیژنانە هەبوە توانیویەتی زانیاری لێوەربگرێت

بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی باسی لەوەشکرد، "یەکێک لەو کەسانە کە سەرۆکی باندەکەیە ماڵیان نزیکی ئەو بانکەی پارە وەرگرتنەکە بوە، توانیویەتی کۆنە زیندانییەکی دیکە ئیستیغلال بکات کە بە ناڕاستەوخۆ کەسێکی لەو لیژنانە هەبوە توانیویەتی زانیاری لێوەربگرێت و 10 رۆژ پێش ئەوە پلانی بۆ دانراوە بە رێکخراوی کردویانە".

ئەوەشی خستەڕو، "سەرۆکی باندەکە، چەندین تاوانی دیکەی ئەنجامداوە و کۆتا کەسی باندەکە ئەم بەیانییە دەستگیرکرا.

وتیشی، پێویستە لەمەدوا پلانی تۆکمەتر دابنرێت و فەرمانگەکانیش کاتێک دەچن بۆ وەرگرتنی موچە دەبێت لایەنی ئەمنی و ئاگاداربکەنەوە".

 

 

 


نیشانەکردن :

#ئاسایش #پۆليس #موچە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP