تاوانباران دەستگیرکران
پارە دزراوەکەی نەخۆشخانەی شار دۆزرایەوە

- 3/13/2019 8:15:00 AM 19889 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پارەی دزراوى فەرمانبەرانى نەخۆشخانەى شار کە دوێنێ سێشەممە رفێندرا دۆزرایەوە و تاوانبارانى دەستگیرکران، درەنگانی شەوی رابردوش خەندان وەک یەکەم میدیا هەواڵی دەستگیرکردنی چەند ئەندامێکی گروپەکەی بڵاوکردەوە.

خەندان وەک یەکەم میدیا هەواڵی دەستگیرکردنی چەند ئەندامێکی گروپەکەی بڵاوکردەوە

 

کاتژمێر 1:45 خولەکی درەنگانی شەوی رابردو لە سەرچاوەیەکی ئەمنی تایبەت بە خەندان-ی راگەیاند، هێزه‌كانى دژه‌ تیرۆر توانیویانه‌ بگه‌نه‌ چه‌ند سه‌ره‌داوێكى گرنگ سه‌باره‌ت به‌ رفاندنى پاره‌ى كارمه‌ندانى نه‌خۆشخانه‌ى شار.

بەیانی ئەمڕۆش رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی، "سوپاسی وەزارەتی ناوخۆ و ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و دژەتیرۆر و تەواوی دەزگا پەیوەندی دارەکان و پارێزگاری سلێمانی و ھاونیشتمانیان دەکەین، کە ھەمو ھەماھەنگ بون بۆ دوزینەوەی تاوانباران و گەڕانەوەی پارەو موچەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئومێددەکەم فەرمانگەکانی ھەرێم بەردەوام لە کاتی گواستنەوەی ھەربڕە پارەیەک لە بانک پێشتر ھەماھەنگی بکەن لەگەڵ ھێزەکانی ناوخۆ".

هاوکات سەرچاوەیەک لە پۆلیسی سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند، کاتژمێر 4:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ، ھێزە ئەمنییەکانی ئاسایش و پۆلیس و ھێزێکی دژە تیرۆر لە سلێمانی توانیان ئەندامانی باندی روداوی دزیکردنەکەی سلێمانی دەستگیربکەن، لەگەڵ گێڕانەوەی بڕە پارە "دزراوەکە".

کارەکە بە دوو باندی ھەشت کەسی کراوە، چەند کەسێکی دیکە لە روداوەکە تێوەگلاون

 
بەپێی زانیارییەکانی خەندان، کارەکە بە دوو باندی ھەشت کەسی کراوە، چەند کەسێکی دیکە لە روداوەکە تێوەگلاون، دوو ئۆتۆمبێل لەکارەکە لە جۆری نیسان پاترۆڵ و سدریک بەکارھێنراون.

شەوی رابردو خەندان بڵاویکردەوە کە چەند تۆمەتبارێکیان لەسەر روداوەکە دەستگیرکردوە، بەپێی زانیارییەکانی خەندان دو لە ئەندامانی باندەکە کاتژمێر 4:00ی ئێوارەی دوێنێ سێشەممە بەرەو شارۆچکەیەکی نزیک لە سلێمانی ھەڵاتوون، بەڵام لەلایەن ھێزێکی ئەمنی دەستگیرکراون.

بەپێی بەشی ژمێریای نەخۆشخانەی شار، بڕە پارەکە سەرجەمی بریتییە لە یەک ملیار و شەش سەد ملیۆن و  ٢٨ ھەزار دینار، کە شایستەی دارایی سەرجەم فەرمانبەر و کارمەند و پزیشکانی نەخۆشخانەی شار و بنکە تەندروستییەکانێتی.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP