بۆچونی بارزانی بەدڵی یەكێتی نەبوە
یەكێتی بە دەستی بەتاڵ گەڕایەوە و پارتی داخوازیەكانی رەتكردەوە

- 3/12/2019 8:37:00 PM 82858 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ كۆبونەوەی یەكێتی و پارتی لە شاری هەولێر ئەنجامدرا و بەپێی ئەو زانیاریانەی خەندان دەستیكەوتوە، بۆچونی بارزانی بەدڵی یەكێتی نەبوە و پارتی داخوازیەكانی رەتكردۆتەوە. 
پارتی بە داواكاریەكانی یەكێتی بۆ گۆڕانكاری لە پشك و بەركەوتەكانی رازی نەبوە و یەكێتی توشی شۆك كردوە

 

سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە بەمەرجی ناونەهێنانی قسەی بۆ خەندان كرد، سەبارەت بە داواكارییەكانی یەكێتی بۆ پارتی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا و وەڵامی پارتی بۆ یەکێتی ئاشكرایكرد:"پارتی دیموكراتی كوردستان بە داواكاریەكانی یەكێتی بۆ گۆڕانكاری لە پشك و بەركەوتەكانی رازی نەبوە و لەوەش زیاتر یەكێتی توشی شۆك كردوە، كاتێك بڕ و رێژەی بەركەوتەكانی یەكێتی لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بە وەفدی یەكێتی گەیاندوە".

یەكێتی نەیتوانیوە سەركەوتوبێت لە رازیكردنی پارتی بۆ گۆڕینەوەی سەرۆكی پەرلەمان بە جێگری سەرۆكی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ

 

بە گوێرەی زانیارییەكانی سەرچاوەكەی خەندان،"یەكێتی نەیتوانیوە سەركەوتو بێت لە رازیكردنی پارتی بۆ گۆڕانكاری لە پاكێجەكانی بە گۆڕینەوەی سەرۆكی پەرلەمان لەبەرامبەر جێگری سەرۆكی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ".

بۆچونی بارزانی سەبارەت بە پێدانی پارێزگاری کەرکوک و وەزیری دادی بەغدا بەدڵی یەکێتی نەبوە 

 

هەمان سەرچاوە وتیشی:"ئەمڕۆ بۆچونی بارزانی سەبارەت بە داواكاری و ئیستحقاقاتی یەكێتی لە كەركوك و بەغداد گەیەنراوەتە وەفدی یەكێتی". بە وتەی سەرچاوەكە ئەوەش جارێكی دیكە بە "دڵی یەكێتی" نەبوە، چونكە یەكێتی تێگەیشتنی وابوە كە بەجێهێشتنی ئەو بابەتە بۆ بارزانی بە مانای رازیبونی پارتی دەبێت بە پێدانی پارێزگارێكی یەكێتی لە كەركوك و پێدانی وەزیری داد بەو حزبە".
سەرچاوەكەی خەندان ئەوەشی ئاشكراكرد:"ئەمڕۆ پارتی بۆچونی بارزانیان بە رونی بە وەفدی یەكێتی گەیاندوە وتویانە یەكێتی دەتوانێت لە نێوان ئەو دو پۆستە (پارێزگاری كەركوك، وەزارەتی داد) یەكیان هەڵبژێرێت و پارتی یەك لەو دو بەركەوتەیە بە ئیستحقاقی خۆی دەزانێت".
پارتی بە یەكێتی وتوە، بەدەر لە پۆستی جێگری سەرۆكوەزیران یەكێتی تەنها پێنج وەزارەتی بەردەكەوێت و جگە لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەوانی دیكە وەزارەتی خزمەتگوزارین

 

سەرچاوە باڵاكەی پارتی ئەوەشی خستەڕو، "پارتی بە یەكێتی وتوە، بەدەر لە پۆستی جێگری سەرۆكوەزیران یەكێتی تەنها پێنج وەزارەتی بەردەكەوێت، یەك لەو وەزارەتانەش وەزارەتی پێشمەرگەیە و ئەوانی دیكە وەزارەتی خزمەتگوزارین.
ئەو پۆستانەی پارتی وەك بەركەوتەی یەكێتی دایناوە لەپۆلێنكاریدا بە پۆستی سیادی ئەژمارناكرێن، ئەمەش پێچەوانەی ویستی یەكێتییە كە داوای "شەراكەت و هاوسەنگی دەکات 

 

ئەو پۆستانەی پارتی وەك بەركەوتەی یەكێتی دایناوە لەپۆلێنكاریدا بە پۆستی سیادی ئەژمارناكرێن، ئەمەش پێچەوانەی ویستی یەكێتییە كە داوای "شەراكەت و هاوسەنگی"دەكات لە نەوت و ئەمن و دادوەری و فەرمانگەکانی دەرەوە و بەڕێوەبردندا.

كۆبونەوەی ئەمڕۆ بەبێ هیچ ئەنجامێك كۆتایی هاتوە و هیچ وادەیەكیش بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەی نوێ لەنێوان یەكێتی و پارتی دیاریی نەكراوە

 

لای خۆشیەوە سەرچاوەیەك لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە خەندان-ی راگەیاند:"كۆبونەوەی ئەمڕۆ بەبێ هیچ ئەنجامێك كۆتایی هاتوە و هیچ وادەیەكیش بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەی نوێ لەنێوان یەكێتی و پارتی دیاریی نەكراوە، چونكە ئەوەی یەكێتی دەیبینێت، پارتی ئیستحقاقی هەڵبژاردن و پێگەی مێژویی و جوگرافی یەكێتی لەبەرچاو نیە".

بارزانی پۆستی پارێزگاری كەركوك و وەزارەتی دادی عێراقی فیفتی بە فیفتی لە نێوان پارتی و یەكێتی دابەشكردوە و یەكێتیش هەردو پۆستەكە بە ئیستحقاقی خۆی دەزانێت
بەبڕوای چاودێرانی سیاسی، گەڕانەوەی یەكێتی بە دەستی بەتاڵ و گەیاندنی بۆچونی بارزانی سەبارەت بە هەردو پۆستی پارێزگاری كەركوك و وەزارەتی داد كە بە فیفتی بە فیفتی لە نێوان پارتی و یەكێتی دابەشیكردوە و یەكێتیش هەردو پۆستەكە بە ئیستحقاقی خۆی دەزانێت، دروستبونی گرێكوێرەیەكی ئاڵۆزترە لە پەیوەندیە دوقۆڵیەكان و پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP