بەپەلە

وەزیری تەندروستی لەسەر دزینی پارەی نەخۆشخانەی شار رونکردنەوە دەدات

- 3/12/2019 5:41:00 PM 14361 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای دزینی پارەی نەخۆشخانەی شار لەلایەن  سێ کەسەوە وەزیری تەندروستی هەرێم پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی شار دڵنیا دەکاتەوە کە موچەکانیان نافەوتێت.

رێکەوت حەمە رەشید، وەزیری تەندروستی هەرێم لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردوەتەوە،" ئەمڕۆ دزینی پارەی موچەی نەخۆشخانەی شار کارەساتێکی ناخۆش بو، سەرەڕای دڵنیایم لە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی کە بەزوترین کات دزە چاو چنۆکەکان ئەدۆزنەوە پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی شار دڵنیا دەکەمەوە کە موچەکانیان نافەوتێت".

هەروەها نوسیویەتی، پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی شار دڵنیا دەکەمەوە کە موچەکانیان نافەوتێت و ئەوانیش وەک فەرمانبەرانی تر دڵ خۆش دەبن بە موچەی بێ پاشەکەوت.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ زیاتر لە ملیارێک و 800 ملیۆن دیناری موچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی شار لەلایەن چەند کەسێکەوە رفێندرا.

پێشتر سەرچاوەیەکی تایبەت لە پۆلیسی سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند، "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی پارەی موچەی کارمەندان و پزیشکانی لە بانکی رەشید وەرگرتوە، بەڵام لە نێوان شەقامی ئۆرزدی و ئیبراهیم پاشا لە نزیک کەباب وەلی ئۆتۆمبێلێکی دیکە لە جۆری پاتڕۆڵ پێشی ئۆتۆمبێلەکەی لێگرتون و پارەکەی لێبردون".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆتۆمبێلەکە سێ کەسی تێدابوە و ئۆتۆمبێلەکەی تەندروستی سلێمانیان بە پارەکەوە رفاندوە و کەمێک پێش ئێستاش ئۆتۆمبێلەکە لە نزیک گۆڕستانی ئیبراهیم ئەحمەد دۆزراوەتەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP