هەواڵی ئەمڕۆ

سەرۆک کۆمار: عێراق بەیەکڕیزی رۆڵەکانی بەسەر داعشدا سەرکەوت

- 3/12/2019 4:51:00 PM 1649 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ سێشەممە ١٢|٣|٢٠١٩ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا چاوی بە ئەنجومەنی ئوسقوفەکانی کریستیان (ئەنجومەنی سەرۆکایەتی کڵێسای کریستیانەکان) و ئەندامانی فراکسیۆنی کریستیانەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران کەوت.

بە یەکڕیزی رۆڵەکانی و پێکھاتە و نەتەوەکانی عێراق سەرکەوتنێکی گەورە بە سەر گروپە تیرۆریستیەکاندا بەدەستھات

 

لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ساڵح ئاماژەی بەوەکرد، بە یەکڕیزی رۆڵەکانی پێکھاتە و نەتەوەکانی عێراق سەرکەوتنێکی گەورە بە سەر گروپە تیرۆریستیەکاندا بەدەستھات، ھاوکات جەختیشی لە پێویستی بونیادنانی کۆمەڵگە لەسەر بنەمایەکی لێبوردەیی و دادپەروەری و یەکسانی کردەوە.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەنەھامەتییەکانی پێکھاتەی کریستیانەکان لە سەرکوت و ئاوارەکردنی زۆرەملێ لەلایەن گروپە تیرۆریستیەکانەوە کرد و جەختشی لە پێویستی دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و گێڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ زێدی باوباپیرانیان کردەوە.

سەرۆک بەرھەم ساڵح جەختیکردەوە، کە لەڕێگای یەکریزی و بڕوابون بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە و رێزگرتن لە بیروڕا جیاوازەکان، دەتوانین بە گژی ھزری تەکفیریدا بچینەوە کە گروپە تیرۆریستیەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، ھەروەھا بەرگری کریستیانەکانی لە روبەڕوبونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و پابەندبونیان بە نیشتمانەوە بەرزنرخاند.

شاندی میوان رۆڵی سەرۆک بەرھەم ساڵحیان لە زامنکردنی یەکڕیزی نیشتمانی لە نێوان پێکھاتەکانی کۆمەڵگەی عێراقی بەرزنرخاند

 

لەلای خۆیانەوە شاندی میوان رۆڵی سەرۆک بەرھەم ساڵحیان لە زامنکردنی یەکڕیزی نیشتمانی لە نێوان پێکھاتەکانی کۆمەڵگەی عێراقی بەرزنرخاند، ھاوکات سوپاسیان  کرد بۆ تێگەیشتن و پشتگیری بەردەوامی لە داخوازیەکانی گەلی عێراق لە ھەموو ساتەوەختێکدا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP