بەغدا بڕیاریدا جیاوازی موچەی دوو مانگی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بکات

- 3/12/2019 3:52:00 PM 98151 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق بڕیاریدا بڕی 724 ملیار و 819 ملیۆن دینار بخاتە سەر حسابی بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بۆ موچەی مانگی ئازار و جیاوازی موچەی مانگەکانی کانونی دوەم و شوبات.

بە پێی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق کە خەندان توانیویەتی وێنەیەکی دەست بکەوێت، حکومەتی عێراق 724 ملیار دینار و 819 ملیۆن دیناری بۆ حکومەتی هەرێم ناردوە، بۆ موچەی مانگی ئازار و جیاوازی موچەی مانگەکانی کانونی دوەم و شوبات، به‌گوێرەی یاسای بودجه‌ى ساڵى 2019.

هاوکات شیروان میرزا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، ئەو بڕە پارەیە بۆ موچەی مانگی ئازار کە بڕەکەی 522 ملیارە و ئەو جیاوازی موچەیەی کە پێشتر حکومەتی عێراق بۆ مانگی کانونی دوەم و شوبات بڕی 317 ملیار دیناری بۆهەرێم ناردبو، بۆئەوەی بگاتە 522 ملیار دیناری ئەو دو مانگە.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بەغدا 522 ملیار دیناری بۆ هەرێم ناردوە، بەڵام تا ئێستا موچەی ساڵی 2019 دابەشنەکراوە.




Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP