جوبرائیل فیلمه‌ كوردییه‌كان ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئیتاڵیا

- 3/12/2019 9:35:00 AM 1860 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هونه‌رمه‌ندی سینه‌ماكار‌و ده‌رهێنه‌ری كورد جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر، ده‌بێته‌ نوێنه‌ری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ڤێستیڤاڵێكی سینه‌مایی نێوده‌وڵه‌تی‌و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ فیلمه‌ كوردییه‌كان ده‌گه‌یه‌نێته‌ وڵاتی ئیتاڵیا. 
جوبرائیل وه‌ك نوێنه‌ری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ڤێستیڤاڵی سینه‌مایی نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌ستنیشان كراوە

 

ده‌رهێنه‌ر جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر له‌باره‌ی نوێنه‌رایه‌تیكردنی ئه‌و فێستیڤاڵه‌ بە خەندان-ی راگەیاند، "به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌لایه‌ن ڤێستیڤاڵی كلات نیسای سینه‌مایی كه‌ له‌وڵاتی ئیتاڵیا ئه‌نجام ده‌درێت، وه‌ك نوێنه‌ری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ڤێستیڤاڵه‌كه‌ ده‌ستنیشان كراوم". 

ئاماژەی بەوەشکرد، "فیلمه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و هه‌رێمی كوردستان له‌رێگه‌ی منه‌وه‌ ده‌نێردرێت بۆ ئه‌و فێستیڤاڵه‌ كه‌ له‌بواری سینه‌مای جیهانیدا خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی باشه‌". 

جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر داوای له‌ ده‌رهێنه‌رانی سینه‌مایی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی‌و هه‌رێمی كوردستان كرد ئه‌وانه‌ی كه‌ خوازیارن فیلمه‌كانیان له‌و ڤێستیڤاڵه‌دا به‌شداری بكات، په‌یوه‌ندی پێوه‌ بكه‌ن‌و فیلمه‌كان بنێرن تا هه‌لی به‌شداریكردنیان له‌و ڤێستیڤاڵه‌دا بۆ بڕه‌خسێنرێت. 
جوبرائیل فیلمێكی به‌ناوی ئه‌یلان بەرهەمهێنا و خه‌ڵاتی باشترین فیلمی پێبه‌خشرا

 

26ی ئایاری ساڵی رابردو فیلمێكی ده‌رهێنه‌ر جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر به‌ناوی (ئه‌یلان) به‌شداری خولی ئه‌و ساڵه‌ی ڤێستیڤاڵه‌كه‌ی كرد‌و له‌كۆتایی ڤێستیڤاڵه‌كه‌دا خه‌ڵاتی باشترین فیلمی پێبه‌خشرا.

فیلمی (ئه‌یلان) به‌سپۆنسه‌ری زانكۆی نۆلج به‌رهه‌مهێنراوه‌ و له‌نێو 437 فیلم كه‌ به‌نوێنه‌رایه‌تی 60 وڵاتی جیهان كه‌ به‌شداریی فێستیڤاڵه‌كه‌یان كردبوو خه‌ڵاتی باشترین فیلمی پێبه‌خشرا. 
چیرۆكی فیلمه‌كه‌ باس له‌ ئه‌یلان كوردی ده‌كات كه‌ له‌سوریا شه‌ڕ ده‌ستپێده‌كات و له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی رێگه‌ی تاراوگه‌ ده‌گرنه‌ به‌ر

 

چیرۆكی فیلمه‌كه‌ باس له‌ ئه‌یلان كوردی ده‌كات كه‌ له‌سوریا شه‌ڕ ده‌ستپێده‌كات، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی رێگه‌ی تاراوگه‌ ده‌گرنه‌ به‌ر و به‌ره‌و توركیا به‌ڕێده‌كه‌ون، به‌ڵام له‌وێ‌ به‌ر له‌وه‌ی بگه‌ن به‌كه‌ناری ئارامی شه‌پۆله‌كانی ده‌ریا ده‌یكاته‌ قوربانی. 

دواهه‌مین فیلمی سینه‌مایی ده‌رهێنه‌ر جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر  فیلمێك بوو به‌ناوی (بێده‌نگی ئاسمان) كه‌ له‌كه‌متر له‌ ساڵێكدا له‌ 54 فێستیڤاڵی سینه‌مایی جیهانیدا به‌شداری كرد‌و چه‌ندین خه‌ڵاتی به‌ده‌ستهێنا.

جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر ره‌حمان له‌ دایكبوی ساڵی 1983ی شاری هه‌ولێره‌، له‌ساڵی 2001ه‌وه‌ ده‌ستی بەکاری سینه‌مایی کردوە و له‌نزیكه‌ی 40 كورته‌ فیلمدا یاریده‌ده‌ری وێنه‌گر بوه‌ و له‌ 13 فیلمی سینه‌مایی درێژیشدا یاریده‌ده‌ری وێنه‌گر بوه‌ و له‌ساڵی 2010ه‌وه‌ كاری ده‌رهێنانی سینه‌مایی ده‌كات.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP