باغۆز؛ شه‌ڕ و روبەڕوبونەوەی سه‌خت لەنێوان شەڕڤانان و داعش له‌ئارادایه‌

- 3/12/2019 8:27:00 AM 3035 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هه‌ڵمه‌تی كۆتایی هێنان به‌ چەکدارانی داعش له‌ گوندی باغۆزی سه‌ر به‌ ناوچه‌ی هه‌جین له‌ دێره‌زوەر به‌ڕێوه‌ده‌چێت و لە ئێستا شەڕ و پێکدادانی سەخت لە ئارادایە، ئەوەش دوای ئه‌وه‌ی هه‌زاران چەکداری ئەو رێکخراوە و خێزانه‌كانیان خۆیان ڕاده‌ستی شه‌ڕڤانان كرد. 

بەپێی ئاژانسی فورات نیوز، شه‌ڕڤانانی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی (هەسەدە) به‌ره‌و ئه‌و كامپه‌ پێشڕه‌وی ده‌كه‌ن كه‌ چەکدارانی داعش منداڵ و خه‌ڵكی سیڤیلی تێدا وه‌ك قه‌ڵغان به‌كارده‌هێنا.
 دەیان چەکداری داعش لە روبەڕوبونەوەکان و تەقینەوە خۆکوژییەکاندا کوژراون

 

رۆژی یەكشەممەی رابردو 10-3-2019، شەڕڤانان بەمەبەستی كۆتاییهێنان بە پاشماوەكانی چەكدارانی داعش لە رۆژهەڵاتی سوریا دوایین هێرشی زەمینیان بۆ سەر بارەگاکانی داعش دەستپێکرد، تاوەکو ئێستا دەیان چەکداری داعش لە روبەڕوبونەوەکان و هاوکات تەقینەوە خۆکوژییەکاندا کوژراون. 
چوار شەڕڤان شەهیدبون و چواری دیکەش برینداربون

 

بەپێی ئاژانسەکە، لەماوەی دوو رۆژی رابردودا چوار شەڕڤان شەهیدبون و چواری دیکەش لە روبەڕوبونەوەکاندا برینداربون.

هاوکات فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان چه‌ند هێرشێكیان دژی چەکدارانی داعش ئه‌نجام داوه‌، شه‌ڕڤانان به‌وریایی پێشڕه‌وی ده‌كه‌ن به‌هۆی مینڕێژكرانی گونده‌كه‌ له‌ لایه‌ن چەکدارانی داعش.
باغۆز دوایین ناوچەی نیشتەجێبونە كە تا ئێستا لەژێر دەسەڵاتی چەكدارانی داعشدا ماوە

 

سەرەڕای ئەوەی باغۆز دوایین ناوچەی نیشتەجێبونە كە تا ئێستا لەژێر دەسەڵاتی چەكدارانی داعشدا ماوە، بەڵام جێگەی هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ ناوچەكانی دەوروبەری كە چالاكی توندڕەویان تێدا ئەنجامدەدات.

موستەفا بالی، بەڕێوەبەری نوسینگەی راگەیاندنی هەسەدە رایگەیاند، لە رۆژی یەکشەممەوە هیچ هاوڵاتیەكی سیڤیل لەژێردەستی پاشماوەی چەكدارانەوە نەهاتوەتە دەرەوە و هێزەكانیشیان هەستیان بەبونی هاوڵاتیانی سیڤیل نەكردوە.

راگەیاندنی شەڕڤانان رایگەیاندوە، چەكدارانی بیانی لە پاشماوەكانی داعش توندترن و تا ئێستاش لە ناو مۆڵگەكانیاندا خۆیان جێگیركردوە و ئامادەن تا كۆتایی بجەنگن.

نیشانەکردن :

#داعش #شەڕڤانان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP