ئێران و عێراق ژمارەیەک گرێبەستی بازرگانی واژۆدەکەن

- 3/11/2019 10:40:00 PM 12086 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان -

حەسەن رۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی عێراقی کردو ژمارەیەک گرێبەستی بازرگانی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق واژۆکرد.

بەپێی زانیارییەکان، پاش پێشوازیکردنی لەلایەن سەرۆک بەرهەم ساڵح سەرۆکی کۆماری عێراق، ئەمرۆ دو شەممە حەسەن رۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ عادل عەبدول مەهدی کۆبوەوە و ژمارەیەک گرێبەستی بازرگانی لەگەڵ واژۆكرد.

بەرپرسێکی باڵای عێراق بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوە، ئامانج لەسەردانەکەی رۆحانی بۆ عێراق زیادکردنی کاریگەرییەکانی وڵاتەکەی و فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانیەتی لەگەڵ عێراقدا بەئامانجی کەمکردنەوەی سزا ئابورییە سەپێنراوەکانی ئەمەریکا.

یەکێک لەگرێبەستە واژۆکراوەکانی نێوان ئێران و عێراق دروستکردنی هێڵێکی شەمەندەفەرە لەنێوان هەردو وڵات، شیکەرەوە سیاسییەکانیش ئەوە بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە هێشتا دەسەڵاتی ئێران بەسەر دامەزراوەکانی بریاردانی عێراقدا زیاترە لەکاریگەرییەکانی ئەمریکا.

عێراق و ئێران رێککەوتون ڤیزا لەنێوانیان بکرێت بە خۆڕایی

 

بەپێی راگەیەنراوێکی ئۆفیسی سەرۆک وەزیرانی عێراق، رۆحانی و عادل عەبدول مەهدی چەندین رێککەوتنیان لەبوارەکانی نەوت و تەندروستی و بازرگانی و هێڵی گواستنەوەی شەمەندەفەر واژۆکردوە.

ئێوارەی ئەمڕۆش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەسەن روحانی رایگەیاند:"وڵاتەکەی داوای کردوە ڤیزا لەنێوان هەردو وڵات هەڵبگیرێت، بەڵام عێراق ئەوەی قبوڵنەکردوە، بۆیە لەسەر ئەوە رێککەوتون ڤیزا لەنێوانیان بکرێت بە خۆڕایی و بڕیارە لە سەرەتای مانگی چواری ئەمساڵەوە ئەو بڕیارە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP