خەندان لە بنكۆڵكارییەكی گرنگدا ناوەرۆكی كۆبونەوەی یەكێتی و پارتی بڵاودەكاتەوە

- 3/11/2019 7:56:00 PM 49395 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وابڕیارە سبەی لە شاری هەولێر هەردو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببنەوە، خەندان لە سەرچاوەی باڵاوە چەند زانیاری گرنگ دەخاتەرو.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بۆ خەندان وتی:" سبەی هەردو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆدەبنەوە بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان". نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی سەرپەرشتی شاندی حزبەكەی دەكات، بە وتەی سەعدی پیرە، شاندی یەكێتی لەلایەن كۆسرەت رەسول جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی سەرپەرشتی دەكرێت.

یەكێك لە ئامانجەكانی یەكێتی لە كۆبونەوەی لەگەڵ پارتی، بۆ تاوتوێكردنی پاكێجی نوێ و ئاڵوگۆڕی بەركەوتەكانیەتی 

 

خەندان بە پشت بەستن بە زانیاری چەند سەرچاوەیەكی باڵای ناو پارتی و یەكێتی، سیناریۆكانی دابەشكردنی پۆستەكانی، هەرسێ دامەزراوە باڵاكەی هەرێمی كوردستان (پەرلەمان، حكومەت، سەرۆكایەتی هەرێم) لە نێوان ئەو دو لایەنە سیاسیەدا ئاشكرا دەكات.

رای بەهێزی یەكێتی ئەوەیە كە سەرۆكی پەرلەمان وەرنەگرێت

 

بەپێی زانیاریەكانی خەندان، یەكێك لە ئامانجەكانی یەكێتی لە كۆبونەوەی سبەینێ لەگەڵ پارتی، بۆ تاوتوێكردنی پاكێجی نوێ و ئاڵوگۆڕی بەركەوتەكانیەتی لەگەڵ پارتی كە لە خواستی ئێستایدا گۆڕانكاری بەسەردا هاتوە و رای بەهێزی ناو ئەو حزبە ئەوەیە كە سەرۆكی پەرلەمان وەرنەگرێت. یەكێتی دەیەوێت لە كۆبونەوەكەدا پێشنیار بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بكات كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان.
یەكێتی بە پارتی دەڵێت مادام رێككەوتنتان هەیەو متمانەتان لەگەڵ گۆڕان گەیشتۆتە ئاستێكی باش، پێویستە ئێستا هیچ كێشەیەك نەمابێت بۆ دوبارە پێدانەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەم خولەدا بەبزوتنەوەی گۆڕان

 

بۆچونی یەكێتی لەو بارەیەوە پشت ئەستورە بەوەی كە پارتی و گۆڕان رێككەوتنێكی سیاسی لە نێوانیاندا هەیە، و پێشتر ئەو دو هێزە رێككەوتون لەسەر كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و بەپێكەوەیی تێپەڕاندنی كۆمەڵێك یاسا، بۆیە یەكێتی بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت مادام رێككەوتنتان هەیەو متمانەتان لەگەڵ گۆڕان گەیشتۆتە ئاستێكی باش، پێویستە ئێستا هیچ كێشەیەك نەمابێت بۆ دوبارە پێدانەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەم خولەدا بزوتنەوەی گۆڕان.

لەم ڕوەوە خەندان زانیویەتی كە لە كۆبونەوەیی سبەیدا، یەكێتی بۆ پارتی روندەكاتەوە كە "مادام رێككەوتنی گۆڕان و پارتی هەیە، بۆیە باشترە ئەو دو هێزە، سەرۆكایەتی پەرلەمان لە نێوان خۆیاندا دابەش بكەن و یەكێتی نەبێتە بەشدار لەو پاكێجە، چونكە بەشێك نیە لەو پاكێجەی پێشتر پارتی و گۆڕان بە دو قۆڵی لەسەری رێككەوتون.

گۆڕینەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لە بەرامبەر پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم و یەك لە پۆستە سیادییەكانی حكومەتی هەرێم یەك لە پێشنیارەكانی یەكێتی دەبێت

 

خاڵێكی تر كە لە كۆبونەوەكەدا یەكێتی بۆ پارتی روندەكاتەوە، بونی كۆمەڵێك كارەكتەری بەهێزی حزبەكەیەتی كە خواستی وەرگرتنی پۆستە باڵاكانیان هەیە، لە دامەزراوەكانی هەرێمدا كە دەبن بە بەركەوتەی یەكێتی، خەندان لە سەرچاوەیەكی باڵای ناو یەكێتیەوە زانیویەتی كە یەكێتی لەم ڕوەوە پێشنیاری گۆڕینەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی دەكات لە بەرامبەر پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم و یەك لە پۆستە سیادییەكانی حكومەتی هەرێم كە بەپێی زانیارییەكانی خەندان وەزارەتی ناوخۆیە، كە ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ یەكێتی تا بتوانێت كێشەی فرە كاندیدی بۆ جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم چارەسەربكات.

یەكێتی كێشەی فرە كاندیدی هەیە لە یەكلایكردنەوەی بەركەوتەكانی

 

خەندان ئەوەشی زانیوە، كە یەكێتی كێشەی فرە كاندیدی هەیە لە یەكلایكردنەوەی بەركەوتەكانی، لەمڕوەوە یەكێتی تا ئەم ساتە زیاد لە كاندیدێكی هەیە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیرە سیادیەكانی كە دەبن بە بەركەوتەی ئەو حزبە.

بۆ پۆستی جێگری سەرۆكوەزیران، تا ئێستا ركابەری لە نێوان سێ كاندیدی بەهێزی یەكێتیدا هەیە

هەر بەپێی زانیارییەكانی خەندان، یەكێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكوەزیران، تا ئێستا ركابەری لە نێوان سێ كاندیدی بەهێزی حزبەكەیدا هەیە، كە هەریەك لە (قوباد تاڵەبانی، حاكم قادر حەمەجان، عیماد ئەحمەد)ن، هەروەها بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم هەریەك لە ( حاكم قادر حەمەجان، عیماد ئەحمەد، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ) ئەو ناوانەن كە سەرچاوەكەی خەندان ئاشكرای كرد.

عیماد ئەحمەد چانسی زۆرە، بەڵام نایەوێت ململانێ لەگەڵ هەڤاڵەكانیدا بكات

 

لەحاڵەتی وەرگرتنی پۆستی وەزیری ناوخۆی كابینەی نۆیەم لەلایەن دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ململانێی وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم تەنها لە نێوان ( حاكم قادر حەمەجان، عیماد ئەحمەد) دەمێنێتەوە، وێڕای ئەوەی بۆ یەكێك لەو دو پۆستە باڵایە، عیماد ئەحمەد چانسی زۆرە، بەڵام بەپێی كەسە نزیكەكانی عیماد ئەحمەد، سروشتی كەسێتی عیماد ئەحمەد بەجۆرێكە نایەوێت ململانێ لەگەڵ هیچ یەكێك لە هەڤاڵەكانیدا بكات بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاكانی هەرێم، هەر بۆیە دوا بڕیار بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەو بارەیەوە بەجێدەهێڵرێت.

 

سەرچاوە نزیكەكەی عیماد ئەحمەد وتیشی:"تەنانەت كاتی خۆی كاك عیماد ئەحمەد بە جەنابی مامجەلالی وت، كاتێك كار گەیشتە هەڵبژاردنی نێوان من و سێوێكی یەكێتی، من سێوەكە هەڵدەبژێرم و ململانێكە جێدەهێڵم"، ئەم قسەیەی عیماد ئەحمەد بۆ مامجەلال لە رابردودا بوە كاتێك ململانێ لەسەر پۆستەكانی دامەزراوەكانی هەرێم لە ناو یەكێتیدا هەبوە.

یەكێتی بەركەوتەی پۆستە باڵاكانی بە هەڵبژاردن و بڕیاری سەركردایەتی یەكلایی دەكاتەوە

 

هەمان سەرچاوە بە خەندان-ی وت:" لە حاڵەتی فرە كاندیدی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە سیادییەكانی بەركەوتەی یەكێتی، ئەوا ئەو بابەتە بە هەڵبژاردن و بڕیاری سەركردایەتی یەكێتی یەكلایی دەكرێتەوە، هەروەك چۆن لە حاڵەتی، ئەوەی كە سەرۆكی پەرلەمان ببێتە بەركەوتەی یەكێتی لەنێوان هەردو كاندیدە ژنەكەدا (بێگەرد تاڵەبانی، رێواس فایەق)، بە بڕیار و هەڵبژاردن لە سەركردایەتی یەكلایی دەكرێتەوە.

یەكێتی پێشتر رایگەیاندبو كە داوای "شەراكەت و هاوسەنگی و هاوبەشی" راستەقینە دەكات بە تایبەتی لە دۆسیەكانی وزە و ئەمندا، بەڵام هەتا ئێستا دیار نیە، ئایا یەكێتی پێداگیری لەسەر هەمان ئەو دۆسیانە دەكات، یاخود پارتی وەكو پێشتر رایگەیاندبو، كە هەندێك لەو دۆسیانە هێڵی سورن.

پارتی پێی باش نیە جێگۆڕكێ بە بەركەوتەكانی گۆڕان و بەركەوتەكانی یەكێتی بكات

 

لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە خەندان-ی راگەیاند:" ئێمە لە هەلومەرجی یەكێتی تێدەگەین، كە بەهۆی واقعی رێكخراوەییەوە كێشەی دابەشكردنی بەركەوتەكانی هەیە، بەڵام پارتی پێی باش نیە جێگۆڕكێ بە بەركەوتەكانی گۆڕان و بەركەوتەكانی یەكێتی بكات، تەنانەت لە وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان، وەك پارتی رامانگەیاند پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەشێوەیەكی كاتی لەلایەن كاندیدی پارتیمانەوە پڕدەكرێتەوە، چونكە بەركەوتەی یەكێتیە.

خواستێكی ناوچەیی هەیە بۆ مانەوەی حكومەتی ئێستا و دواخستنی كابینەی نۆیەم

 

لە وەڵامی پرسیاری خەندان كە ئایا كات ماوە بۆ جێگۆڕكێی بەركەوتەكان و ئەنجامدانی رێككەوتنێكی نوێ لەسەر دابەشكردنی پۆست و پشك و بەركەوتەكانی یەكێتی، ئەو سەرچاوەیەی یەكێتی رایگەیاند: "كێشەكە كات نیە، چونكە خواستێكی ناوچەیی هەیە بۆ مانەوەی حكومەتی ئێستا و دواخستنی كابینەی نۆیەم". 

ئەو ئەزمونەی نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی حوكمڕانیدا لەگەڵ هەریەك لە ئێران و توركیا و ئەمریكا هەیەتی، چانسی ئەوەی پێداوە كە بتوانێت زیرەكانە یاری بە درێژكردنەوەی كاتی حوكمڕانی خۆی بكات

 

كابینەی هەشتەم بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، لە كۆتاییەكانی تەمەنیدا تازە چەند هەنگاوێكی ناوە بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنی 20 ساڵەی حكومەتی هەرێم و دانەغاز، هەروەها پرسی كۆتاییهاتنی پاشەكەوتی موچە، كە ئەمەش رەنگە پێویستیان بە كات بێت، تاكو بخرێتە سەر رێڕەوی خۆی.

بەبڕوای چاودێران ئەو ئەزمونەی نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی حوكمڕانیدا لەگەڵ هەریەك لە ئێران و توركیا و ئەمریكا هەیەتی، چانسی ئەوەی پێداوە كە بتوانێت زیرەكانە یاری بە درێژكردنەوەی كاتی حوكمڕانی خۆی بكات و ئەو هەنگاوانەی كە وەك كەموكورتی بۆ كابینەكەی ئەژمار دەكران پڕیان بكاتەوە، بە تایبەت پاشەكەوتی موچە و كێشەی دانەغازو بابەتی گرێبەستە نەوتیەكان.

بەشێك لە پارتیش هۆكارێك بوە بۆ دواخستنی پێكهێنانی كابینەی نوێ بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی

چاودێران دەڵێن، راستە جەمسەرە جیاوازەكانی یەكێتی گرفتیان هەیە لە دیارییكردنی كاندیدەكانیان بۆ بەركەوتەكانیان، بەڵام پێشیانوایە خواستی نێودەوڵەتی و بەتایبەت دەوڵەتانی ناوچەكە و تەنانەت خواستی بەشێك لە پارتیش هۆكارێك بوە بۆ دواخستنی پێكهێنانی كابینەی نوێ بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، ئەگەر نا دەمێك بو پارتی فشاری خستبوە سەر شەریكەكانی رابردوی بۆ ئەوەی بەزوترین كات كاندیدەكانیان بۆ بەركەوتەكانیان پێشكەش بكەن، وەك چۆن لە كابینەی هەشتدا پارتی "فشاری كرد و بەسەر یەكێتی كرد".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP