سه‌رۆك كۆمار: به‌غدا شوێنی به‌یه‌كگه‌یشتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌

- 3/11/2019 4:50:00 PM 1556 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ سه‌رۆك كۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح له ‌كۆشكی سه‌لام له ‌به‌غدا پێشوازیكرد له‌ سه‌رۆك كۆماری ئیسلامی ئێران حه‌سه‌ن روحانی و شاندی یاوه‌ری.

له ‌پاش مه‌راسیمی پێشوازی و پشكنینی پاسه‌وانی شه‌ره‌ف و لێدانی مارشی نیشتمانی هه‌ردوو وڵات، سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح خۆشحاڵی خۆی به ‌سه‌ردانی سه‌رۆك كۆماری ئیسلامی ئێران حه‌سه‌ن روحانی و شاندی یاوه‌ری ده‌ربڕی.
سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح و سه‌رۆك روحانی به‌ ئاماده‌بونی شاندی وه‌زاری هه‌ردو وڵات كۆبونه‌وه‌یه‌كی فراوانیان ئه‌نجامدا و چه‌ندین دۆسیه‌ی گرنگی جێ بایه‌خییان باسكرد له‌وانه‌ش په‌یوه‌ندییه‌ دوقۆڵییه‌كان و هه‌ماهه‌نگی ئابوری .
ئاسایشی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردو وڵات و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش پێویستی به‌هاریكاری زیاتره‌ له ‌پێناوی ڕێگاگرتن له ‌دوباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر

 

هاوكات هه‌ردو سه‌رۆك له ‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆیانكرد له‌ باره‌ی هه‌لومه‌رجی سیاسی و ئه‌منی ناوچه‌كه‌ و جیهان و جه‌نگ و مه‌ترسییه‌كانی رێكخراوه‌‌ تیرۆریستیه‌كان، ته‌ئكیدیش له ‌به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی عێراق و ئێران كرایه‌وه‌ له ‌روی ئه‌منی و سیاسی و بازرگانی كه‌ سه‌رجه‌میان له ‌خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردو وڵات به‌تایبه‌تی و گه‌لانی ناوچه‌ به‌گشتی بێت.

سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح جه‌ختی له‌و كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك روحانی زۆر گرنگه‌ و كه‌شێكی گونجاوی بۆ لێكتێگه‌یشتن ره‌خساندوه‌ كه ‌خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وندییه‌ هاوبه‌شه‌كان و سه‌قامگیری له ‌ناوچه‌كه‌دا ده‌كات، هه‌روه‌ها سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح، ئاماژه‌ی به‌وەكرد كه‌ ئاسایشی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردو وڵات و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش پێویستی به‌هاریكاری زیاتره‌ له ‌پێناوی ڕێگاگرتن له ‌دوباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر.

به‌غدا شوێنی به‌یه‌كگه‌یشتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌ بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی بیری توندڕه‌وی و خوڵقاندنی سیسته‌مێكی ئابوری هاوبه‌ش

 

له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح، رۆڵی كۆماری ئیسلامی له‌ پشتیوانیكردنی عێراق له ‌جه‌نگی دژی تیرۆردا به‌رزنرخاند، هاوكات جه‌ختیشی كردوه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا زۆر گه‌وره‌ن، به‌ڵام بۆ سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كی پێویسته‌ هزری تیرۆر و توندوتیژی به ‌ته‌واوی ریشه‌كێش بكرێت له ‌ناوچه‌كه‌دا.

 عێراق رۆڵێكی گرنگ ده‌گێرێت له ‌ناوچه‌كه‌دا و ده‌شكرێت رۆڵی گه‌وره‌تری هه‌بێت له ‌سه‌قامگیری و ئارامی ئیقلیمیدا

 

سه‌رۆك كۆمار دوپاتی كرده‌وه‌ كه ‌به‌غدا شوێنی به‌یه‌كگه‌یشتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌ بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی بیری توندڕه‌وی و خوڵقاندنی سیسته‌مێكی ئابوری هاوبه‌ش، هاوكات رونیشیكرده‌وه‌ كه ‌عێراق له ‌پاش شكستپێهێنانی داعش له‌ به‌رده‌م دو پرۆسه‌دایه‌، ئه‌وانیش دوباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و سه‌قامگیری سیاسیه‌ له‌وڵاتدا.
 
له‌لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك كۆماری ئیسلامی ئێران سوپاس عێراقی كرد بۆ پێشوازی و میواندارییه‌ گه‌رمه‌ی لێكراوه‌  و ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد كه‌ گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح زۆر باش بون و جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه ‌عێراق رۆڵێكی گرنگ ده‌گێرێت له ‌ناوچه‌كه‌دا و ده‌شكرێت رۆڵی گه‌وره‌تری هه‌بێت له ‌سه‌قامگیری و ئارامی ئیقلیمیدا.
    
هه‌روه‌ها سه‌رۆك روحانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه ‌هه‌وڵی ته‌واو ده‌ده‌ین بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كان له ‌بواره‌كانی ئابوری و بازرگانی و سێكته‌ره‌كانی وزه‌ و ئاسانكاری بۆ سه‌ردانی زیاره‌تكه‌ران و ئاڵۆگۆڕی بانكی و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان له‌گه‌ڵ عێراقدا.

 

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP