ڤیدیۆ... مەراسیمی پێشوازی سەرۆک بەرهەم لە سەرۆک رۆحانی

- 3/11/2019 12:12:00 PM 15396 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران بەیانی ئەمڕۆ گەیشتە بەغدای پایتەخت و لە مەراسیمێکدا لەلایەن سەرۆک بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراقەوە پێشوازی لێکرا.

دوای ئەنجامدانی مەراسمی پێشوازی لە حەسەن رۆحانی لەلایەن سەرۆک بەرهەم-ەوە هەردوو سەرۆک بەرەو کۆشکی سەلام بەڕێکەوتن و لە ئێستادا لە کۆبونەوەدان.

حەسەن جیهاد، وتەبێژی سەرۆک کۆماری عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، ئامانجی سەردانی سەرۆکی ئێران بۆ عێراق گفتوگۆکردنە لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان.
لەکۆبونەوەی سەرۆک کۆماری ئێران لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باس لە کێشەکانی نێوان هەردو وڵات دەکرێت

ئاماژەی بەوەشکرد، "لەکۆبونەوەکانی سەرۆک کۆماری ئێران لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باس لە کێشەکانی نێوان هەردو وڵات و پەیوەندیە بازگانییەکانی بەغدا و تاران دەکرێت، کە تاران مەبەستییەتی ئاڵوگۆڕی بەهای بازرگانی ساڵانە بگەیەنێتە 20 ملیار دۆلار".

ئەو سەردانەی حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران دوای سەردانی دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق دێت  لە 17ی مانگی 11ی ساڵی رابردو بۆ وڵاتی ئێران و کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە.

ئێران سورە لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندیە برایانەكەی لەگەڵ عێراق

پێش ئەنجامدانی گەشتەكەی بۆ عێراق، حەسەن رۆحانی لە تەلەفیزیۆنی فەرمی وڵاتەكەیەوە رایگەیاند، "ئێران سورە لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندیە برایانەكەی لەگەڵ عێراقی دراوسێیدا".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP