پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە
تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەکەی حکومەتی عێراقی تێدا نیە

- 3/11/2019 10:30:00 AM 1728 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دوشەممە کۆدەبێتەوە، بەڵام کارنامەی کۆبونەوەکە تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی حکومەتی عێراقی تێدا نیە.

شیروان میرزا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا پڕۆژە یاسای دەستکەوتنی نایاسایی و هەروەها دەستەی دەستپاکی و یاسای سزاکان و یاسای زیادەڕۆیی و رەگەزنامە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکارنامەی کۆبونەوەکەدا تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی عادل عەبدولمەهدی تێدا نیە.

شیروان میرزا راشیگەیاند، تا ئێستا لایەنەکان لەسەر وەزارەتەکان نەگەیشتونە رێککەوتن، بۆ پڕکردنەوەی وەزارەتەکان، سەبارەت بە وەزارەتی دادیش پارتی و یەکێتی لەسەر ئەوە رێککەوتون کە وەزارەتی داد بۆ یەکێتی بێت، بەڵام کاندیدی یەکێتی بۆ ئەو پۆستە یەکلایی نەبوەتەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP