رێباز حەملان: سەرەڕای پشوی فەرمی، موچەی سێ وەزارەت دابەشدەکرێت

- 3/11/2019 8:52:00 AM 37246 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری دارایی و ئابوری رایگەیاند، ئەمڕ دوشەممە سەرەڕای پشوی فەرمی لە هەرێمی کوردستان موچەی سێ وەزارەت بەبێ پاشەکەوت دابەشدەکرێت.

رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە، ئەمڕۆ دوشەممە سەرەڕای ئەوەی پشوی فەرمییە، بەڵام وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم، دەوام دەکات و موچەی وەزارەتی پەروەردە و هاوکات وەزارەتی دارایی و ئابوری و ھێزەکانی 70 و 80 بەبێ پاشەکەوت دابەش دەکرێت".

هەشتی ئەم مانگە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و بڕیاریدا پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی لابدات، کە زیاتر لە سێ ساڵە سەپاندویەتی.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵی 2016ەوە کار بە سیستمی پاشەکەوتی موچە دەکات بە ئامانجی کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات.

لابردنی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران دوای ئەوە هات کە بەغدا رازیی بوو پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2019ی عێراق رەوانە بکات، کە مانگانە 522 ملیار دینارە، بەبێ ئەوەی هەرێمی کوردستان هیچ بڕە نەوتێک رادەستی بەغدا بکات.

بودجەى ئەمساڵی عێراق بەبڕى 112 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە و پشکی هەرێمیش لە بودجەدا بە رێژەی لەسەدا 12.67 جێگیرکراوە، لە بەرامبەردا دەبێت هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بەغداوە بفرۆشێت.

نیشانەکردن :

#موچه‌

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP