هەواڵی ئەمڕۆ

دوای ماددەی 140 و مورافعەکەی مامجەلال
سەرۆک بەرهەم یەكەم دەستپێشخەری فەرمی بۆ چارەسەری کەرکوک خستەرو

- 3/10/2019 9:50:00 PM 44335 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆك بەرهەم، سه‌رۆک کۆماری عێراق دوای رێکخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌کانی عیراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان به‌ سه‌رکه‌وتویی، قۆناغی دووه‌می به‌رنامه‌که‌ی خۆی له‌ رێگه‌ی وتاره‌که‌ی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ ده‌ستپێکرد، کە دەستپێشخەرییەکە بۆ دۆسیه‌ی کەرکوک.

د. بەرهەم ساڵح، سه‌رۆک کۆماری عێراق لەمیانی وتارێکدا رۆژی شەممە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەیی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق (کۆمار، وەزیران، پەرلەمان، دادوەری) به‌ناونیشانی "نه‌خشه‌رێگای چاکسازی و به‌گژداچونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ عێراقی دوای داعش"دا وتی، "گه‌نده‌ڵی دیوه‌كه‌ی دیکەی تیرۆره‌، بگره‌ دیوه‌ هه‌ره‌ قێزه‌ونه‌که‌ی  تیرۆره‌، بۆیه‌ له‌ناوبردنی گه‌نده‌ڵی كارێكی یه‌كلایكه‌ره‌وه‌ ده‌بێت بۆ پێچانه‌وه‌ی لاپه‌ڕەی تیرۆر و توندوتیژی له‌ وڵاتدا".

گه‌نده‌ڵی وه‌ك تیرۆر پڕۆسه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و پێشكه‌وتن په‌ك ده‌خات

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "گه‌نده‌ڵیش وه‌ك تیرۆر پڕۆسه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و پێشكه‌وتن په‌ك ده‌خات، بۆیه‌ پێمانوایه‌ ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌ی یاسای به‌هێز بۆ كۆتاییهێنانی به‌ گه‌نده‌ڵی و داخستنی ده‌روازه‌كانی و به‌گژاچوونه‌وه‌ی ئامرازه‌كانی و گێڕانه‌وه‌ی سامانه‌ دزراوه‌كان كارێكی سه‌ره‌كی و هاوبه‌شه‌ له‌ نێوان هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌كاندا".

د. رێبوار کەریم، ئەندامی په‌رله‌مانی عێراق و به‌شداربونی كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌باره‌ی وتاره‌كه‌ی سه‌رۆككۆماره‌وه‌ به‌ خه‌ندان-ی وت، "ئەو وتارەی دکتۆر بەرهەم لە پەرلەمانی عێراق بۆ دانیشتوانی کەرکوک بابەتێکی گرنگ بو، جەختی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوکە کردەوە، بە دۆستایەتی پەیوەندی نێوان پێکهاتەکان و حکومڕانییەکی شەفاف و دور لە گەندەڵی و لە چوارچێوەی دەستوردا". 

داهاتی کەرکوک بۆ کەرکوکییەکان بێت

 

کەرکوک شارێکە لە ڕوی دانیشتوان و مێژوەوە کوردستانییە و دەکەوێتە باشوری کوردستان، کە پێکھاتوە لە نەتەوەکانی کورد کە زۆرینەیه‌ بە دوایدا عەرەب، تورکمان لە پاشان کلد و ئاشووری تێدا ده‌ژین. 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتیشی، "داهاتی کەرکوک بۆ کەرکوکییەکان بێت، ئەمەش ئەو قسەیەیه‌ کە بەردەوام دکتۆر بەرهەم-ی پێدەناسرێتەوە، کە تەرکیزدەکاتە سەر لەناوبردنی گەندەڵی و شەفافیەت و رێزگرتنی پێکهاتەکان لە یەکتری".

رێبوار كه‌ریم رونیكرده‌وه‌، "ئەوەی کە زۆر گرنگ بوو هەمو پێکهاتەکانی پەرلەمان جەختیانکردەوە له‌وه‌ی، بەڵێ ئەوە رێگای راستی چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوکە، کە بە چارەسەری دەستوریانە و رێزگرتن لە پێکهاتەکانی شارەکە".

پرۆژەكەی سەرۆك بەرهەم لەبەر دو هۆكار چانسی جێبەجێكردنی هەیە، كرداریە و دور لە موجامەلەی ئەملاولایە

 

ئه‌و ده‌ڵێت، "پڕۆژەکەی سه‌رۆككۆمار قبوڵکرابوو، جێبەجێکردنیشی چانسێکی باشی هەیە، لەبەر دوو هۆکار، ئەوانیش پڕۆژەکە کردارییە و دور لە موجامەلە و ئەملاولایە، بۆیە جێبەجێدەکرێت".

سه‌رۆك به‌رهه‌م له‌میانی وتاره‌كه‌یدا له‌به‌رده‌م به‌رپرسه‌ باڵاكانی عێراق وتی، "ده‌شکرێت که‌رکوک شوێنێک بێت بۆ پێکه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌، نه‌ک ململانێ، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان و پێکهاته‌کانی که‌رکوک".

به‌ گوێره‌ی زانیاریه‌کان سه‌رۆک کۆمار به‌رهه‌م ساڵح له‌ دیداری له‌گه‌ڵ سه‌رۆک و پاشای وڵاتان جه‌ختی له‌ بواری ئابووری و وه‌به‌رهێنان کردۆته‌وه‌ که‌ بۆ ئه‌وه‌ی باری ئابووری عیراق ببوژێته‌وه‌، ئه‌وانیش ره‌زامه‌ندی خۆیان نیشانداوه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕێ ده‌کرێ چه‌ندین رێکه‌وتن و پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانی گه‌وره‌ له‌ سه‌رانسه‌ری عیراق ده‌ست پێبکه‌ن،  بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌رۆک به‌رهه‌م ساڵح ده‌یه‌وێت ئه‌و چالاکیه‌ ئابوری و وه‌به‌رهێنانه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردان به‌دور بن، بۆیه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ به‌شی دوه‌می به‌رنامه‌که‌ی خۆی ده‌ستپێکرد که‌ به‌هێزکردنی ئه‌دای داموده‌زگاکانی حوکمڕانی و به‌گژداچونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌

نه‌خشه‌رێگاكه‌ی سه‌رۆک بەرهەم له‌ دیکۆمێنتێکی فەرمی و له‌ کۆبونه‌وه‌ی پەرلەمان، به‌ ئاماده‌بونی هەرچوار سه‌رۆکایه‌تی عێراق خرایەڕو

 

حه‌سه‌ن جیهاد، وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق بۆ خه‌ندان وتی، "نه‌خشه‌ رێگاكه‌ی سه‌رۆک بەرهەم ساڵح له‌ دیکۆمێنتێکی فەرمی و له‌ کۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و به‌ ئاماده‌بونی هەرچوار سه‌رۆکایه‌تی عێراق خرایەڕو، کە بە یەکەم دەستپێشخەری فەرمی دادەنرێت بۆ دۆخی کەرکوک، له‌ دوای مادده‌ی 140ی دەستوری عێراق و مرافه‌عه‌كه‌ی سه‌رۆک مامجه‌لال بۆ پارێزگای که‌رکوک".

پرۆژەكە به‌ راشکاویه‌کی سیاسی زۆره‌وه‌ هه‌ردو ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێکردنی خسته‌به‌ر‌ده‌م به‌رپرسیارێتی

 

حه‌سه‌ن جیهاد ده‌ڵێت، "له‌ میانه‌ی ئه‌و نه‌خشه‌رێگایه‌دا سه‌رۆک بەرهەم به‌ڕونی باسی له‌ شاری که‌رکوک کردوە، به‌ راشکاویه‌کی سیاسی زۆره‌وه‌ هه‌ردو ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێکردنی خسته‌به‌ر‌ده‌م به‌رپرسیارێتی".

دۆخی که‌رکوک ئه‌وه‌مان لێده‌خوازێت که‌ به‌ به‌رپرسیارێتیه‌کی نیشتمانیانه‌ له‌ سه‌ری بوه‌ستین

 

سه‌رۆك كۆمار له‌میانی وتاره‌كه‌یدا وتیشی، "دۆسییه‌کی زۆر هه‌ستیارمان له‌به‌رده‌مدایە که‌ که‌رکوکه‌، دۆخی که‌رکوک ئه‌وه‌مان لێده‌خوازێت که‌ به‌ به‌رپرسیارێتیه‌کی نیشتمانیانه‌ له‌ سه‌ری بوه‌ستین، ده‌شکرێ که‌رکوک شوێنێک بێت بۆ پێکه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ نه‌ک ململانێ، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان و پێکهاته‌کانی که‌رکوک".‎

پرۆژەكە داوا دەكات پێکهاتەکانی کەرکوک خۆیان چارەسەرەکە بدۆزنەوە

 

وته‌بێژی سەرۆککۆمار ده‌شڵێت، "چارەسەری کەرکوک چارەسەرێکی کەرکوکیانە بێت، واتە پێکهاتەکانی کەرکوک خۆیان چارەسەرەکە بدۆزنەوە، ئەو چارەسەرەش لە چوارچێوەی مادەی 140 دا بێت بەپێی دەستور".

حه‌سه‌ن جیهان ئه‌وه‌شی وت،"سەرۆک کۆمار کەیسێکی دروستکردوە بۆ بابەتی شارەکە، ئه‌و لە رێگەی دامه‌زراوه‌ پەیوەندیدارەکانەوە لیژنەیەکی دروستکردوە کە راوێژکارێکی یاسایی سەرۆک کۆماریشی تێدابو، کە دەبێت بۆ چارەسەری کێشەکە بگەڕێنرێنەوە بۆ دەقی یاساو دەستوری عێراق كه‌ سه‌رۆك چاودێری ده‌كات".

سەرۆك كۆمار چاودێری هەموو هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكات

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی عێراقیش كه‌ ئاگاداری ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆماره‌ زیاتر وتی،  "میکانیزمێک دانراوە بۆ جێبەجێکردنی و هەمو هەنگاوەکان سەرۆک کۆمار خۆی چاودێریدەکات، بۆیە ئەم پڕۆژەیە جیاوازتر دەبێت لە پڕۆژەکانی دیکە و دەتوانێت کێشەی کەرکوک چارەسەر بکات".

کەرکوک وەک کوردستانێکی بچوک وایە ھەموو ئەو نەتەوانەی لێیدەژین، کە لە کوردستانیشدا ھەن، سەرەڕای ئەوەی کە لە ڕووی سیاسییەوه‌ عێراقییه‌کان وەک "عێراقێکی بچووک" ناوی ده‌به‌ن، به‌ڵام له‌ناو گه‌لی كورد-دا وه‌ك هێڵی سور و دڵ و قودسی كوردستان ناوده‌برێت.

چاودێران پێیانوایه‌ ئه‌م جوڵه‌ سیاسی و دیپلۆماسیانه‌ی سه‌رۆک کۆمار ده‌بنه‌ مایه‌ی سودی ئابوری و دارایی زۆر بۆ هه‌رێمی کوردستانیش، وه‌ک چۆن له‌ ئاماده‌کردنی بودجه‌ی عیراق پێداگری کرد که‌ نابێ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی کوردستان به‌ ناکۆکی سیاسی ببه‌سترێته‌وه‌ و به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ حکومه‌تی هه‌رێم توانی پاشکه‌وتی موچه‌ هه‌ڵگرێت، له‌م هه‌وڵه‌ تازه‌یه‌شیدا کوردستان سودمه‌ند ده‌بێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP