چۆن هاوڵاتیان دەتوانن سود لەزیادکردنی موچە وەربگرن

- 3/10/2019 6:59:00 PM 23579 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- بەهمەن ئەحمەد

بەپێی هاوكێشە ئابورییەكان، هەرێمی کوردستان جۆرێک لەبازاری لیبراڵ پەیڕەودەکات کە تێیدا پاڵەوانی ئابورییەکەی بەکاربەرە، واتە ئەو فەرمانبەرانەن کە موچە لەحکومەت و دامەزراوەکان وەردەگرن و چالاکی خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن. ئەمجۆرە بازاڕە هەمیشە لەبەردەم مەترسی هەڵئاوسان و مۆنۆپۆلکردندا دەبێت و هۆشیاری بەکاربەر تێیدا رۆڵی زۆر دەبینێت بۆ نەهێشتنی مەترسییەکانی بەتایبەتی لەکاتی زیادکردنی موچەدا.

لەو وڵاتانەی كە تێیدا كەرتی حكومی چالاكترە لەكەرتی تایبەت، وەك هەرێمی كوردستان، زیادكردنی موچەی فەرمانبەران لەلایەن حکومەتەوە هەمیشە جموجوڵی گەورەی بازرگانی بەدوادادێت. جموجوڵە بازرگانییەكانیش بەتایبەتی لەو بازاڕانەی كە بەرهەمی ناوخۆییان كەمە (وەک ئەوەی لەهەرێمی کوردستان هەیە) هەمیشە هەڵئاوسان و زیادبونی نرخی بەدوادادێت. چونكە خەرجی بەکاربەر زیاد دەكات و زیادبونی خەرجیش بەواتای زیادبونی داواكاری كڕین دێت.

بەو پێیەش كە كاڵاكان ناوخۆیی نین و لەوڵاتانی دیکەوە هاوردە دەکرێن، لەکاتی زیادبونی جموجوڵی بازاڕەکاندا بڕی دابینكردن جێگای فرۆشتن ناگرێتەوە، بەوەش ئۆتۆماتیكی نرخ بەرزدەبێتەوە.

مەترسیەگەورەكە لەچیدایە؟ 

ئەوەی لەسەرەوە باسكرا بەشێوەیەكی ئاسایی لەبازاڕە نمونەییەكانی جیهاندا رودەدات ئەگەر تەنانەت مۆنۆپۆلكردن و شاردنەوەی کاڵاکان و دیاریکردنی نرخ بەبێ چاودێری بونی نەبێت، بەڵام مەترسییەکە بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لەسەروبەندی زیادکردنی داهاتی بەکاربەر، وەک زیادکردنی موچە، گەورەترە، بەوپێیەی رۆڵی حکومەت لەچاودێریکردنی بازار و جموجوڵە بازرگانییەکان زۆر لاوازە و سیستمێکی ئابوری دیاریکراومان نیە کە تێیدا حکومەت و دامەزراوەکان بەجۆرێک رۆڵی خۆیان ببینن کە زیادکردنی موچە بەئەرێنی بۆ گیرفانی هاوڵاتیان بشکێننەوە. بەوەش هەمیشە جۆرێک لەبازاڕمان هەیە کە لەبەردەم مەترسی هەلئاوسان و کەمبونەوەی بەهای دراودایە. لەمجۆرە بازاڕانەشدا هاوڵاتی کەمترین سود لەزیادکردنی داهاتەکەی دەبینێت و بەجۆرێکی دیکە لەرێگای زیادکردنی نرخەکانەوە موچە زیادكراوەكەی  لێوەردەگیرێتەوە.

چۆن رێگری لە هەلئاوساندەکرێت؟

چەندین رێگا بۆ کەمکردنەوەی هەلئاوسان هەیە، لەوانە:
 یەکەم/ خەرجی هاوڵاتیان و کەمکردنەوەی پارەی بانقەکان، لێرە لەهەرێمی کوردستان لەبەرئەوەی سیاسەتێکی تەندروستی بانقیمان نیە، پێویستە هاوڵاتی خۆی ئەو رۆڵە ببینێت و لەکاتی زیادکردنی موچەدا باڵانسی خەرجییەکانی راگرێت، واتە لەبری خەرجی زیاتر هەوڵبدات بڕێک لەپارەکەی پاشەکەوت بکات و خۆی لەکڕینی شتومەکی لاوەکی و کڕین بەڕێگای قیست بەدوربگرێت، چونکە لەئەگەری جێبەجێنەکردنی ئەم پلانەدا نرخەکان بەجۆرێک بەرزدەبنەوە کە بەنزیکەیی هەمان بڕی پارە کە پێویستە پاشەکەوت بکرێت دەچێتە سەر نرخەکان و بەوەش پارەی زیادکراو دەچێتە گیرفانی بازرگانەکانەوە. هاوکات، لە ئەگەری راکێشانی شتومەک و کاڵا بەڕێگای قەرزی درێژخایەن یان قیست، فەرمانبەر دەکەوێتە ژێر قەرزی زۆری کۆمپانیاکان  و بڕێکی نائاسایی لەسودی لێوەردەگیرێت کە بڕە زیادکراوی موچەکەی بەبەلاش لێوەردەگیرێتەوە. 

دوەم/ پێویستە نرخی سودی بانکی زیادبکرێت، ئەم سیاسەتە زیاتر لەلایەن حکومەتەوە پەیڕەودەکرێت و بەزیادکردنی سودی بانقەکان رێژەیەکی کەمتری پارە دەچێتەوە دەستی هاوڵاتی و بازرگانەکان و بەوجۆرەش خەرجی کەمدەبێتەوە و نرخی کاڵاکان جێگیردەبێت.

سێیەم/ وەرگرتنەوەی قەرزی بانقەکان لەلایەن حکومەتەوە، بەمڕێگایە بانقەکان کەمترین پارەیان دەبێت بۆ دانەوەی بەهاوڵاتیان بەوەش بڕی پارەی خستنەبازاڕ کەمدەبێتەوە.

چوارەم/ حکومەت پێویستە قەرزەکانی لەهاوڵاتیان وەرگرێتەوە، ئەگەر قەرزی هاوڵاتیش لەلای حکومەت بێت پێویستە قەرزەکان ئاڵوگۆڕبکرێن و هەوڵبدرێت کەمترین پارەی کاش بگەیەنرێتە بازاڕەکان. هاوکات، بەوپێیەی ئەمڕۆ لەهەرێمی کوردستان حکومەت زیاتر قەرزاری هاوڵاتییە پێویستە دانەوەی قەرزی هاوڵاتیان بەمیکانیزمێک بێت کە هەمان سیناریۆی سەرەوە دوبارەنەبێت و رێگری لەهەڵئاوسان بگیرێت. هەوڵبدرێت کەمترین سودی بۆ بازرگانەکان بڕوات و هاوڵاتی زۆرترین سودی لێوەربگرێت.

رۆڵی حکومەت لەم نێوەندەدا
لەم دۆخەدا پێویستە حكومەت چاودێری بازاڕەكان بكات، رێگە بۆ هاوردەكردنی كاڵاكان خۆشبكات و رێگری لەقۆرغكاری بكات. جگەلەوە، وەک لەسەرەوە باسکرا، پێویستە حکومەت سیاسەتێکی بانقی تەندروست بگرێتە بەرو قەرزەکانی وەرگرێتەوە بەمیکانیزمێک کە هاوکاربێت بۆ رێگرتن لەهەڵئاوسان.




Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP