به‌به‌شدارى سه‌رۆككۆمار په‌رله‌مانى عێراق كۆده‌بێته‌وه‌

- 3/9/2019 9:33:00 AM 3408 جار خوێندراوەتەوە

خەندان - ئەحمەد مستەفا

ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى عێراق رایگه‌یاند، به‌به‌شدارى سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى عێراق و ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى و ده‌سته‌ى نه‌زاهه‌ په‌رله‌مانى عێراق كۆده‌بێته‌وه‌.

د.میران محه‌مه‌د، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ خه‌ندان-ى وت، پاش نیوه‌رۆى ئه‌مرۆ شه‌ممه‌، به‌ به‌شدارى سه‌رۆككۆمار و سه‌رۆكوه‌زیران و ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى و ده‌سته‌ى نه‌زاهه‌، په‌رله‌مانى عێراق  بۆ دروستكردنى كۆده‌نگییه‌ك له‌سه‌ر  به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى ئیدارى و دارایی و بنبڕكردنى له‌ داموده‌زگاكانى حكومه‌ت كۆده‌بێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م دانیشتنى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى وه‌رزى دوه‌مى یاسادانانى په‌رله‌مانه‌

ده‌رباره‌ى ته‌واوكارى پێكهاتەی حكومه‌ت، وتی، ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م دانیشتنى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى وه‌رزى دوه‌مى یاسادانانى په‌رله‌مانه‌، به‌ڵام دانیشته‌كانى په‌رله‌مان تا رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 14ى ئادار به‌رده‌وامى ده‌بێت، و ئێستا كۆده‌نگییه‌كان له‌نێوان هێزه‌ عێراقییه‌كان و فراكسیۆنه‌ كورده‌كانیش هه‌یه‌ تا كابینه‌كه‌ به‌ته‌واوى پێكبهێنرێت.

ئاماژه‌شى بۆئه‌وه‌كرد، پێناچێت له‌ دانیشتنى ئه‌مرۆیدا په‌رله‌مانى عێراق ده‌نگ له‌سه‌ر، كاندیدى وه‌زاره‌ته‌كانى په‌روه‌رده‌ و داد و ناوخۆ و به‌رگرى بدات و كاندیده‌كانیان یه‌كڵایبكاته‌وه‌، به‌ڵام له‌م هه‌فته‌یه‌دا په‌رله‌مان ته‌واوكارى كابینه‌ى حكومه‌ت ده‌كات.

 سه‌رۆككۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئامادەدەبن

پێشتر كارنامەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ وه‌رزى دوه‌مى یاسادانان بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ تێیدا هاتوه‌ "لە دانیشتنی شەممەدا پەرلەمانی عێراق، گفتوگۆیەكی گشتی لەسەر یەكخستنی هەوڵی دەسەڵاتەكان دەكات بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی ئیداریی و دارایی لە وڵات".

هاوكات "لە دانیشتنەكەدا هەریەك لە سه‌رۆك كۆمارى عێراق و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بە وەكالەت و سەرۆكی دەستەی نەزاهە بە وەكالەت، ئامادە دەبن".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP