هەواڵی ئەمڕۆ

بۆچی قوباد تاڵەبانی بڕیاری لابردنی پاشەکەوتی موچەی رانەگەیاند؟

- 3/8/2019 11:16:00 PM 157697 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سێ ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی 2ی ئازاری 2016 ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێم بەبڕیاری ژمارە 64 بڕیاری پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی دا، ئەوەی جێگەی پرسیارە نێچیرڤان بارزانی ئەوکات راگەیاندنی بڕیاڕی پاشەکەوتکردنەکەی روبەڕوی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کردەوە کە ئەمەش تاڵەبانی و حزبەکەی روبەروی رەخنەیەکی زۆر کردەوە لەلایەن هاوڵاتیانەوە.

پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران لەلایەن حکومەتەوە ناڕەزاییەکی زۆری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و چەندین کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و راگەیاندنیشی لەلایەن قوباد تاڵەبانیەوە رەخنەی زۆرتری بۆخۆی و بۆ حزبەکەی لێکەوتەوە.

بڕیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پاشەکەوتکردنی بڕێک لە موچەی فەرمانبەران لە 2ی ئازاری ساڵی 2016 راگەیەندراو بەپێی سیستەمەکە، مانگانە بڕێکی زۆری شایستە داراییەکان لە موچەی فەرمانبەران پاشەکەوت کرا، کە تا ئێستاش و دوای بڕیاڕی ھەڵوەشانەوەکەش حکومەت ھیچ میکانیزمێکی بۆ پێدانەوەی ئەو پاشەکەوتە دیارینەکردوە.

نێچیرڤان بارزانی بڕیاڕە قورسەکەی بەجێگرەکەی خوێندەوە و بڕیاڕە خۆشەکەشی بۆخۆی دانا

 

ئەوەی ئەمڕۆ 2019/3/8 جارێکی تریش چاوی پرسیاری خەڵکی کەوتەوە سەر، بابەتی راگەیاندنی بڕیاری لابردنی پاشەکەوتی موچە بو لە لایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆیەوە، چونکە ئەمجارە بۆ مژدانە و دەسکەوتی ھەواڵە خۆشەکە نێچیرڤان بارزانی جێگرەکەی خۆی ڕانەسپارد و خۆی ھەواڵەکەی دا بەگوێی خەڵکی کوردستاندا، بەمەش نێچیرڤان بارزانی بڕیاڕە قورسەکەی بەجێگرەکەی خوێندەوە و بڕیاڕە خۆشەکەشی بۆخۆی دانا. 
 
چاودێرانی سیاسی بەگومانەوە سەیری ئەو بابەتە دەکەن و بەکڵاو لەسەرنانی نێچیرڤان بارزانی بۆ یەکێتی و قوباد تاڵەبانی ئەژماری دەکەن و دەڵێن، ڕاستر وابو وەک چۆن بڕیاری پاشەکەوتکردنەکە لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە خوێندرایەوە دەبو و ئاواش لابردنی پاشەکەوتەکە لەلایەن ئەوەوە بخوێندرایەوە.

لەوەش زیاتر ئەوەی جێگای تێبینێ بو، نێچیرڤان بارزانی بۆ لێستاندنەوەی ڕۆڵ لەیەکێتی سوپاسی ڕۆڵی سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی عێراقی کرد و لەڕۆڵی سەرۆک کۆماردا خۆیکرد بەکەڕەی شەربەت.

چاودێرانی سیاسی باوەڕیان وایە نێچیرڤان بارزانی لە راگەیاندنی بڕیاڕەکە لەپێنا و ناوبانگ و دەسکەوتی کەسی پەلەیکرد


بەشێک لەچاودێرانی سیاسی باوەڕیان وایە نێچیرڤان بارزانی لە راگەیاندنی بڕیاڕەکە لەپێنا و ناوبانگ و دەسکەوتی کەسی پەلەیکرد و باشتر وابو بڕیارەکە بۆ کابینەی نۆ بەجێھێڵدرابوایە، چونکە ئاسەوارەکانی ئەو بڕیارە لە چوار ساڵی داھاتودا بۆ مەسرو بارزانی بەجێدەمێنن.

لەو بارەوە سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، "عادل عەبدولمەھدی حسابی بەرمیل بەرمیل لەگەڵ کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمدا دەکات وتویەتی و پابەندێتی بەغداد بەستراوە بە پابەندێتی ھەولێرەوە". 

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP