بەپەلە

رێبوار کەریم: سەرۆک کۆمار رۆڵی گرنگی هەبو لە جیاکردنەوەی موچەی فەرمانبەران لە شەڕی نەوت و ململانێی سیاسی

- 3/8/2019 8:49:00 PM 8212 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەرۆک کۆمار د.بەرهەم ساڵح رۆڵی سەرەکی هەبو لە جیاکردنەوەی موچەی فەرمانبەران لە شەڕی نەوت و ململانێی سیاسی.

رێبوار کەریم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی پاشەکەوتی موچە ستەمێکی گەورە بو لەفەرمانبەران بەتایبەتی و خەڵك و بازاڕی کار بەگشتی، بەڵام هەڵگرتنی ئەرکێکی سەرەکی بو لە ئەستۆی ئەوانەی سەپاندیان. 

گفتوگۆ و رێکەوتن لەگەڵ بەغدا پێویستییەکی حەتمیە، نەوەك عینادی و ململانێ لەسەر حسابی ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم

 

دەشڵێت، "لابردنی پاشەکەوتی موچە فەزڵ نیە بەسەر فەرمانبەرانەوە، بەڵکو رێککردنەوەی کارێکی هەڵەو لابردنی ستەمە کە بە زۆر سەپێنراوە".

هەروەها نوسیویەتی، "ئێستا کە پاشەکەوتی موچە هەڵگیرا، سەلما کە گفتوگۆ و رێکەوتن لەگەڵ بەغدا پێویستییەکی حەتمیە، نەوەك عینادی و ململانێ لەسەر حسابی ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم".

رونیشیکردوەتەوە، هەنگاوی داهاتو دەبێ رێوشوێنی دانەوەی پارە بەزۆر پاشەکەوتکراوەکان دیاری بکرێت، بەتایبەت دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە لە پەرلەمانی عیراق و زیادبونی بەردەوامی فرۆشتنی نەوتی هەرێم.

باسیلەوەشکردوە، سەرۆک کۆمار د.بەرهەم سالح رۆڵی سەرەکی هەبو، بەتایبەت هەماهەنگی چڕوپڕ و بەردەوامی لەگەڵ لایەنە عێراقی و بەشێک لەلایەنە کوردستانییەکاندا هەبو، بەمەبەستی جیاکردنەوەی موچەی فەرمانبەران لە شەڕی نەوت و ململانێی سیاسی.

ئاماژەی بەوەشداوە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان و لیژنەی دارایی پەرلەمانیش لەم بابەتەدا رۆڵی گەورەیان هەبو. بەتایبەت کە هیچ ناکۆکیەک نەبو لە نێوانیاندا بۆ گێڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکان.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP