ئەنجومەنی وەزیران: هەوڵی خەرجکردنی موچە پاشەکەوتکراوەکان دەدەین

- 3/8/2019 5:11:00 PM 24992 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هەوڵدەدات بۆ گەڕاندنەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانی هاوڵاتیان بە گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوە بۆ بڕیاردان لەسەر پاشەکەوتی موچە و دوای کۆبونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، بڕیاری لابردنی پاشەکەوتی موچەی راگەیاند.

حکومەتی هەرێم هەوڵی پێویست دەدات بۆ خەرجکردنەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

 

ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێم هەوڵی پێویست دەدات بۆ خەرجکردنەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دانوستان و گفتۆگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی.

وتیشی، لە کۆبونەوەکەدا، بڕیاردرا بە راسپاردنی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز بە مەبەستی گفتوگۆ و دانوستانی جدی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ، بە ئامانجی چارەسەری ریشەیی کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تایبەت بە نەوت و دارایی لە چوارچێوەی دەستوری عێراق و بە ئاڕاستەی دابینکردنی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

بڕیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پاشەکەوتکردنی بڕێک لە موچەی فەرمانبەران لە سەرەتای ساڵی 2016 ەوە جێبەجێکراو بەپێی سیستەمەکە، مانگانە بڕێک لە موچەی فەرمانبەران پاشەکەوت دەکرێت، تا ئێستاش حکومەت میکانیزمی دانەوەی ئەو پاشەکەوتەی دیارینەکردوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP