حکومەتی هەرێم بڕیاریدا پاشەکەوتی موچە لاببات

- 3/8/2019 4:58:00 PM 25409 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کۆتایی هات و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەم مانگەوە پاشەکەوتی موچە هەڵدەگیرێت و بێ پاشەکەوت دابەشدەکرێت.

وتیشی، بە هۆی بارودۆخی قورسی دەرەوەی ئیرادەی کوردستان بە ناچاری بڕیاری پاشەکەوتی موچە درا کە قورسترین بڕیار بو.

 بڕیاری لابردنی پاشەکەوتی موچە پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمەوە نەبو

 

سەرۆکی حکومەت وتیشی، "بڕیاری لابردنی پاشەکەوتی موچە پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمەوە نەبو، بەڵکو هۆکاری بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە و شەڕی داعش و هاتنی ژمارەیەکی زۆر ئاوارە بو بۆ هەرێمی کوردستان". 

ئاماژەی بەوەشدا،"هیوادارین لەگەڵ حکومەتی عێراق بگەینە رێککەوتن و دەرئەنجامێکی باش و جارێکی دیکە هاوڵاتیانی هەرێم باجی هیچ کێشەیەکی نێوان هەرێم بەغدا نەدەن، تەنانەت ئەگەر پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداش تێکبچێت، بڕینی بودجە نەبێتە کارتێکی فشار بۆ موچەخۆران". 

ئەو بڕە پارەیەی کە بەغدا دەینێرێت بۆ هەرێم بەشی تەواوی موچەی فەرمانبەران ناکات

 

رونیشکردەوە، ئەو بڕە پارەیەی کە بەغدا دەینێرێت بۆ هەرێم بەشی تەواوی موچەی فەرمانبەران ناکات کە 522 ملیار دینارە، چونکە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڕی 881 ملیار دیناری پێویستە. کە تەواکەرەکەی حکومەتی هەرێم دابینیدەکات. 

بڕیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پاشەکەوتکردنی بڕێک لە موچەی فەرمانبەران لە سەرەتای  ساڵی 2016 ەوە جێبەجێکراو بەپێی سیستەمەکە، مانگانە بڕێک لە موچەی فەرمانبەران پاشەکەوت دەکرێت، تا ئێستاش حکومەت میکانیزمی دانەوەی ئەو پاشەکەوتەی دیارینەکردووە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP