هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

ئەنجومەنی وەزیران بە مەرج پاشەکەوتی موچە هەڵدەگرێت

- 3/8/2019 2:34:00 PM 155300 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیدا بە مەرجی ناردنی پشکی هەرێم لە بەغداوە پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران لادەبات.

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پاشەکەوتی موچە دەدات بەمەرجی رەوانەکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە وەک ئەوەی لە یاسای بودجەی 2019ی عێراقدا دیاریکراوە.

بەپێی یاسای بودجەی عێراق، مانگانە 454 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و 68 ملیار دینار بۆ موچەی پێشمەرگە تەرخانکراوە.

خەندان زانیویەتی، فواد حسێن، وەزیری دارایی عێراق رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی هەردو موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە دەرکردوە کە هەردو بڕەکە 522 ملیار دینارە و رەوانەی سەر حسابی بانکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە.

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، مەسعو بارزانی و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رێککەوتننامەیەکی تایبەت و رانەگەیەندراویان لەبارەی بودجە و پشکی هەرێمی کوردستانەوە واژۆکردوە، تا ئێستاش هیچ زانیاریەک لەبارەی رێککەوتنەکەوە ئاشکرا نەکراوە.

هەولێر و بەغدا لەسەر رەوانەکردنی 68 ملیار دینار بۆ پشکی پێشمەرگە و رادەستکردنی داهاتی خاڵە سنوریەکانی هەرێم بە بەغدا ناکۆکی هەیە لە نێوانیاندا.

هەرێمی کوردستان لە مانگی نیسانی ساڵی 2018 ەوە مانگانە بڕی 317 ملیار دیناری لە بەغداوە بەدەست دەگات، بەڵام بەپێی یاسای بودجەی عێراق کە پشکی هەرێمی کوردستانی تێدا دیاریکراوە پێدەچێت لەم مانگەوە مانگانە 522 ملیار دینار رەوانەی هەرێم بکرێت، بەوەش حکومەتی هەرێم دەتوانێت کۆتایی بە پاشەکەوتی موچە بهێنێت.

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی بەندەری جەیهان دەکات، بەوەش کۆی داهاتی هەرێم کە لە نەوت دەستیدەکەوێت زیاترە لە 378 ملیۆن دۆلار، سەرەڕای ئەوەش هەرێم مانگانە زیاتر لە 175 ملیۆن دۆلاری لە خاڵە سنوریەکان و داهاتی باج و گومرگ و داهاتەکانی دیکە دەست دەکەوێت.

بەپێی بەدواداچونەکانی خەندان، کۆی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق و داهاتی فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ دەستیدەکەوێت ملیارێک و 75 ملیۆن دۆلارە.

شێرکۆ جەودەت، شارەزای ئابوری و ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتو لە پەرلەمانی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، حکومەتی هەرێم لە ئێستادا کە سیستمی پاشەکەوت پەیڕەو دەکات پێویستی بە نزیکەی 580 ملیار دینار هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر حکومەتی پاشەکەوت لاببات ئەوا پێویستی بە 780ملیار دینارە بۆ کۆی مووچەی فەرمانبەران.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP