كۆبونەوەی سەركردایەتی دواخرا
خەندان سیناریۆكانی یەكێتی بۆ دیارییكردنی سەرۆكی پەرلەمان ئاشكرادەكات

- 3/7/2019 10:52:00 PM 72650 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- بڕیار جەلال

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، كۆبونەوەكەی سبەی بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە، خەندانیش لە سەرچاوەیەكی باڵاوە سیناریۆكانی یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرادەكات.

بڕیاربو سبەی هەینی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆببێتەوە، سەبارەت بە پرسی كاندیدكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و دەستنیشانكردنی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم.

یەكێتی سێ سیناریۆی هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان

 

وەستا رەسوڵ ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە خەندان-ی راگەیاند:"بڕیاربو سبەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆببێتەوە، بەڵام ئەمشەو كۆبونەوەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا".

لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە بەمەرجی ناونەهێنان قسەی بۆ خەندان كرد رایگەیاند:"كۆبونەوەكەی یەكێتی تایبەت بوە بە دیارییكردنی كاندیدێك بۆ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و دەستنیشانكردنی كاندیدێكی دیكە بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت، بەڵام بەهۆی هەندێك پرسی ناوخۆی یەكێتی كۆبونەوەكە دواخراوە".

ئەو سەرچاوە باڵایەی یەكێتی راشیگەیاند: هەرچەندە هەتاكو ئێستا پارتی و یەكێتی هیچ جۆرە رێككەوتنێكیان نەكردوە لەسەر ئەوەی یەكێتی چی پۆستێك وەردەگرێت و چی پۆستێكی پێدەدرێت، بەڵام سێ سیناریۆ هەیە لەلایەن یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە بۆ وەرگرتنی پۆستەكانی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان". 

دو ساڵ بە دو ساڵ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وەربگرن

 

لەبارەی سیناریۆكانەوە سەرچاوەكەی خەندان وتی:" سیناریۆی یەكەم ئەوەیە كە ئەو دو پەرلەمانتارەی یەكێتی (رێواس فایەق، بێگەر تاڵەبانی) دو ساڵ بە دو ساڵ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وەربگرن، سیناریۆی دوەمیش ئەوەیە كە هەر یەكێك لەو كەسانە لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتییەوە دەنگی پێدرا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، ئەوا كاندیدەكەی دیكە دەستلەكاربكێشێتەوە لە كاری پەرلەمانتاری و پۆستێكی بالای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێبدرێت".

یەکێک لە سیناریۆکانی یەكێتی ئەوەیە قوباد تاڵەبانی بكرێتە سەرۆكی پەرلەمان

 

سەرچاوەكەی خەندان بەهێزترین سیناریۆی یەكێتیشی ئاشكراكرد و رایگەیاند: بەهێزترین سیناریۆی یەكێتی ئەوەیە كە لەبەر ئەوەی هێشتا شوێنی قوباد تاڵەبانی لە پەرلەمانی كوردستان پڕنەكراوەتەوە، بۆیە ئەگەرێكی بەهێز ئەوەیە كە قوباد تاڵەبانی بگەڕێتەوە پەرلەمان و پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وەربگرێت، لەو حاڵەتەشدا یەكێك لە دو پەرلەمانتارەكەی دیكەی یەكێتی دەكرێتە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی، ئەوی دیكەش دەستلەكاردەكێشێتەوە و پۆستێكی باڵای لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستان پێدەدرێت"

ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەو سیناریۆیانە رازی نین

 

سەرچاوە باڵاكەی خەندان ئاماژەی بەوەشكرد، لەبەرئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەو سیناریۆیانە رازی نین، بۆیە هێشتا نازانرێت كەی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەنجامدەدرێت.

لەبارەی دیارییكردنی كەسێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، سەرچاوە باڵاكەی یەكێتی رایگەیاند: ئەو پرسە لە نێوان سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كاك مەسعود بارزانی و جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی كاك كۆسرەت رەسوڵ یەكلایی دەكرێتەوە".

خالید شوانی بۆ هەردو پۆستی پارێزگاری كەركوك و وەزارەتی داد كاندیدە

 

بەپێی زانیارییەكانی خەندان تا ئێستا تەنها چوار كەس خۆیان كاندید كردوە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك كە هەریەك لە (رزگار عەلی، سیروان كوێخا نەجم، شاڵاو عەلی عەسكەری، خالید شوانی)ین.

سەبارەت بە كاندیدی یەكێتی بۆ وەرگرتنی وەزارەتی دادی حكومەتی عێراق، سەرچاوەكەی یەكێتی ئاشكرایكرد كە هەرچەندە لێرەو لەوێ ناوی چەند كەسێك دەهێنرێت كە كاندیدن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەڵام بەهێزترین كەس كە ئەو پۆستە وەربگرێت خالید شوانی، كە لە ئەگەری وەرنەگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك ئەو پۆستە وەردەگرێت.

ئەمە لە كاتێكدایە ئەمڕۆ سمکۆ ئەسعەد، راوێژکاری یاسایی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ خەندان رایگەیاند، تاکە کاندیدی یەکێتییە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دادی حکومەتی عێراق، بۆ ئەو مەبەستەش رێکارەکان گیراونەتەبەر.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP