وەفدێکی باڵای تورکیا چەند تەوەرێک لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ تاوتوێ دەکەن

- 3/7/2019 7:09:00 PM 4928 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2019/3/7 لەشاری سلێمانی، كۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێشوازیكرد لە هاكان تەكین لێپرسراوی مەلەفی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی توركیا و هاكان كەرەجای كونسوڵی گشتی توركیا لە هەرێمی كوردستان.

یەكێتی هەمیشە كاری كردوە بۆئەوەی یەكڕیزی لەنێوان لایەنە سیاسییەكان دروست ببێ و هەمو لایەك پێكەوە خزمەتی كوردستان بكەن

 

لە دیدارەكەدا، گفتوگۆكرا لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیاو هەردولا جەختیانکردەوە، پێویستە پەیوەندییەكی دۆستانەی گونجاو لەنێوان هەردولا هەبێ و هاوكاری و هەماهەنگییەكانی نێوانیان فراوانتر بكرێ.

توركیا دڵخۆشە بە رێككەوتن و لێكنزیكبونەوەی نێوان لایەنەكان 

 

لێپرسراوی مەلەفی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی توركیا دڵخۆشی خۆی بە ڕێككەوتن و لێكنزیكبونەوەی نێوان لایەنەكان دەربڕی، لە بەرامبەردا جێگری سكرتێری گشتی دووپاتیكردەوە، كە یەكێتی هەمیشە كاری كردوە بۆ ئەوەی یەكڕیزی لەنێوان لایەنە سیاسییەكان دروست بێ و هەموولایەك پێكەوە خزمەتی كوردستان بكەن، لەم ڕوەشەوە هیوای خواست لەكابینەی نوێی حكومەت كاری وردو جدی بكات بۆ چاكردنی دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵك و پەرەدانی زیاتر بە پڕۆژەكان.

دۆخی كەركوك و پرسەكانی پەیوەست بەم پارێزگایە گفتوگۆی لەبارەوە كراو تاوتوێكرا، هەردوولا هاوڕابون كە پێویستە لە هەموو كات و سەردەمێكدا پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەو نەتەوە جیاوازەكانی شارەكە پەرەی پێ بدرێ و هەموو لایەنەكان ڕۆڵ ببینن لە چارەسەركردنی كێشەو گرفت و قەیرانەكانی شارەكە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP