وەزارەتی پێشمەرگە: دابەشکردنی موچەی مانگی 12 دوادەکەوێت

- 3/7/2019 3:02:00 PM 68787 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بەپێی رونکردنەوەیەکی وەزارەتی دارایی دابەشکردنی موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردو تا رۆژی 10ی ئایار دوادەکەوێت.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە خەندان-ی راگەیاند، وەزارەتی دارایی بە فەرمی رایگەیاندوە، دابەشكردنی موچە دوادەکەوێت بۆ رۆژی 10ی ئەم مانگە و ئەوان وەک وەزارەتی پێشمەرگە هەمو ئامادەکارییەکیان کردوە بۆ دابەشكردنی.

ماوەی زیاتر لە شەش مانگە وەزارەتی دارایی پێنجی هەموو مانگێک دەست بە دابەشکردنی موچە دەکات و یەکەم وەزارەتیش پێشمەرگە موچە وەردەگرێت.

ساڵی رابردوو وەزارەتی دارایی تەنها نۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دابەشکرد، بەر لە کۆتایی هاتنی ساڵیش رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابوری رایگەیاند، دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12 لە ساڵی 2019 دا دابەشدەکرێت، بەڵام تا ئێستا موچەی مانگی 12 دابەش نەکراوە.

دواکەوتنی موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردو لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان رۆژانە بەردەوامە لە فرۆشتنی نەوت و تا ئێستاش مانگانە بڕی 317 ملیار دینار لە بەغداوە رەوانەی هەرێمی کوردستان کراوە، تا ئێستاش وەزارەتی دارایی هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی موچەی ئاشکرانەکردوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP