رووداو له‌ روماڵی یادی راپه‌ڕیندا "ده‌كه‌وێته‌ هه‌ڵه‌وه‌"

- 3/6/2019 8:14:00 PM 32792 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

كه‌ناڵی رووداو ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ رووماڵی تایبه‌ت به‌ یادی راپه‌ڕیندا "كه‌وته‌ هه‌ڵه‌وه‌" كاتێك هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی به‌ ناونیشانی "راپه‌ڕینی پارێزگای سلێمانی" له‌ شه‌شی ئازاردا ده‌ستپێكرد، له‌كاتێكدا راپه‌ڕینی ساڵی 1991ی گه‌لی كورد به‌ چه‌ند قۆناغێك و هه‌رناوچه‌یه‌ك له‌ رۆژێكی جیاوازدا ئه‌نجامدراوه‌ شاری سلێمانیش له‌ حه‌وتی ئازاردا رزگاركراوه‌.

راپه‌ڕینی گه‌لی كورد له‌ 5-3-1991 له‌ رانیه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد و دواتر ناوچه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستانی گرته‌وه‌ و كورد بووه‌ خاوه‌نی حكومڕانی خۆی له‌ باشوری كوردستان.

به‌پێی سه‌رچاوه‌ مێژوییه‌كان و وته‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌شداری راپه‌ڕینی 1991یان كردوه‌ "چونكه‌ وه‌ك ده‌زاندرێت مێژوه‌كه‌ی هێنده‌ دورنیه‌" هه‌ر ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان له‌ رۆژێكی جیاوازدا له‌ده‌ستی به‌عس رزگاركراوه‌.

رۆژی 5ی ئازار راپه‌ڕین له‌ رانیه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد و رۆژێك دواتریش ناوچه‌كانی كۆیه‌ و بازیان و چه‌مچه‌ماڵ و ئه‌ڵڵایی رزگاركران و به‌عسی روخاو راماڵرا.

راپه‌ڕینی گه‌لی كورد له‌ 7ی ئازاردا گه‌یشته‌ سلێمانی و خه‌ڵك و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دوای شه‌ڕو روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی سه‌خت له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی شاره‌كه‌ كه‌ دیارترینیان ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ بوو كۆتاییان به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی به‌عس له‌ شاره‌كه‌ هێنا.
رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بە شەهید عەلی نەبی وتوە كە پێشمەرگە چوە ناو شار، پشتگیریی بكەن و ئامادەبن بۆ لێدانی حكومەت

 

كه‌ناڵی رووداو له‌ روماڵێكی تایبه‌تدا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ ژێر ناونیشانی "راپه‌ڕینی پارێزگای سلێمانی" هه‌ڵمه‌تێكی له‌ ئه‌منه‌ سوره‌كه‌وه‌ ده‌ستپێكرد، كه‌ یه‌كێك بوو له‌ باره‌گا سه‌ره‌كیه‌كانی به‌عسی روخاو تێیدا سه‌دان هاوڵاتی كورد ئه‌شكه‌نجه‌ و له‌ سێداره‌دران.
 
ئاکۆ غەریب، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سورەکە له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ خه‌ندان-ی راگەیاند، ئەمڕۆ 6ی ئازار یادی راپەڕین سلێمانی نییە، بەڵکو ئەمڕۆ یادی راپەڕینی بازیان و کۆیە و چەند ناوچەیەکی دیکەیە لە پارێزگای سلێمانی.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، یادی راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ له‌ شاری سلێمانی 7ی ئازاری هه‌موو ساڵێكه‌ نه‌ك هیچ رۆژێكی دیكه‌.

شەهید عەلی نەبی، كە پێشمەرگە و یەكێك لە فەرماندەكانی سەردەمی ڕاپەڕین بوو، لە تۆمارێكی دەنگیدا دووپاتی دەكاتەوە، كە نەوشیروان مستەفا، جێگری ئه‌وكاتی سكرتێری گشتی یه‌كێتی ئەندازیاری ڕاپەڕینەكەی ساڵی 1991ی خەڵكی كوردستان بوە.

لەو تۆمارە دەنگییەدا، شەهید عەلی نەبی دەڵێت، "ئەو كاتە، كاك نەوشیروان، نامەیەك و جیهازێكی ڕاكاڵی بۆ ناردون و ئاگاداری كردون كە خەریكی تەنزیمات بن و ئەو چەكدارانەی بڕوایان پێیان هەیە، قسەیان لەگەڵ بكەن ‌و كە پێشمەرگەش چوە ناو شار، پشتگیریی هێزی پێشمەرگە بكەن و ئامادەبن بۆ لێدانی حكومەت".

راپه‌ڕینی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بە پشتیوانی هێزه‌كانی پێشمەرگە كه‌ ئه‌وكات له‌ چیاكانی كوردستاندا بوون دوای شاڵاوی ئه‌نفال و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ بوو كه‌ بوونه‌ هۆی شه‌هیدكردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌هاوڵاتیانی كورد، به‌ڵام نه‌به‌ردی خه‌ڵك و پێشمه‌رگه‌ و به‌هێزی پلانی رزگاربوون له‌ ژێر ده‌سته‌یی وایكرد كۆتایی بە دەسەڵاتی بەعس بهێندرێت،
هاوكات چەندین شەهید مەشخەڵی‌ راپەڕینیان بەخوێنی خۆیان داگیرساند و مێژویه‌كی نوێیان بۆ كورد نوسییه‌وه‌.

خه‌ندان وه‌ك ئه‌ركێكی پیشه‌یی په‌یوه‌ندیكرد به‌ چه‌ند ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانیه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی روداوێكی گرنگی له‌وجۆره‌ بدوێن، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بون هیچ لێدوانێك بده‌ن.

هه‌روه‌ها خه‌ندان په‌یوه‌ندی به‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی كه‌ناڵی رووداوه‌-وه‌ كرد، ئه‌وانیش ئاماده‌نه‌بون له‌وباره‌یه‌وه‌ قسه‌ بۆ خه‌ندان بكه‌ن.


نیشانەکردن :

#پێشمەرگە #سلێمانی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP