ئەحمەدی حاجی رەشید وردەکاری ناردنی پشکی هەرێم لەلایەن بەغداوە بۆ خەندان ئاشکرادەکات

- 3/6/2019 3:53:00 PM 84249 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- ئەحمەد مستەفا
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوای 15ی ئەم مانگە بەغدا پشکی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکات، کە بۆ هەر مانگێک 522 ملیار دینارە.

ئەحمەدی حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە شەشەمین دیداری سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند، "بڕیارە لە دوای 15ی ئەم مانگەوە بڕی 522 ملیار دینار وەک یەکەم پشکی ھەرێم لە بودجەی 2019ی عێراق رەوانەی هەولێر بکرێت". 

 ئاماژەی بەوەشکرد، ناردنی ئەو بڕە پارەیە مانگە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، کە لە بودجەی 2019ی عێراقدا جێگیرکراوە.

ئەحمەدی حاجی رەشید راشیگەیاند، "ھەرێمی کوردستان بڕیاریداوە نەوتەکەی نەداتە بەغدا، بەغدادیش بەپێی میزانییەی 2019 مانگانە 522 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و مامۆستایان دەنێرێت".

بودجەى 2019ی عێراق بە بڕى 112 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە و پشکی هەرێمیش لە بودجەدا بە رێژەی لەسەدا 12.67 جێگیرکراوە، لە بەرامبەردا دەبێت هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بەغداوە بفرۆشێت، بەڵام لە ئەگەری رەوانەنەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەغداوە ئەوا تەنها 522 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP