عادل عەبدولمەهدی: پێویستە بە شێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەری كێشەی كەركوك بكرێت

- 3/6/2019 3:07:00 PM 5366 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پێویستە چارەسەری بنەڕەتی بۆ پرس و كێشەكانی كەركوك بدۆزرێتەوە و لە ئێستاشدا بۆ ئەو مەبەستە ئاڕاستەیەك بەدیدەكرێت.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمیانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا  رایگەیاند، "پێویستە چارەسەری بنەڕەتی بۆ پرسی كەركوك بدۆزرێتەوە و لە ئێستادا ئاڕاستەیەك هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە و لەگەڵ كێشەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان،  ئەمڕۆ دۆخەكە ئەرێنییە و یارمەتیدەرە بۆ چارەسەری كێشەكان".
ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری دەستبەركاربونی كارەكانی بەندەری فاوی دەرکردوە

 

سەبارەت بە كارەكانی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی وتی، ئەنجومەنی نوێنەران لە دانیشتنەكانیاندا ژماریەك بڕیاری زۆری پەسەندكردوە و گرنگترینیان دەستبەركاربونی كارەكانی بەندەری فاو-ە كە بەندەرەكانی عێراق بە تایبەتی لە شاری بەسرە بەهێز دەكات و هەلی كار دەستەبەردەكات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەبارەی چۆنییەتی وەرگرتنەوەی ئەو عێراقیانەی لە جەنگەكانی سوریادا بون گفتوگۆیان كردوە و لەبارەی چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ چەكدارە بیانیەكانی رێكخراوی داعش ژمارەیەك رێنماییان داناوە.

عادل عەبدولمەهدی راشیگەیاند، "جەنگی دژ بە تیرۆر لە سوریا داعش لاوازتر دەكات، ئەوەش دەبێتە فشارێكی توند بۆ سەر ئەو رێكخراوە و هانیدەدات كاری تیرۆریستی دیكە لە ناوچەكە ئەنجامبدات، بەڵام ئێمە پلانی پێشوەختمان هەیە بۆ روبەڕوبونەوە و تێكشكاندنیان".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP