قوباد تاڵەبانی: گەورەترین تەحەدا لەبەردەم عێراق و کوردستان چاوەڕوانیی خەڵکە

- 3/6/2019 11:23:00 AM 7573 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، عێراق دابڕاو نییە لە کێشە و ململانێ جیهانییەکان، عێراق ئەمڕۆ مەیدانی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانە، ئەم ململانێیانەش بەشێکن لەو تەحەدایانەی روویان لە عێراق کردووە، بەڵام گەورەترین تەحەدی لەبەردەم عێراق بە کوردستانیشەوە چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵانی خەڵکە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ وتاری دەستپێکی شەشەمین دیداری سلێمانی خوێندەوە و وتی، "بەڕێز د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و ئامادەبوانی بەڕێز بەخێربێن بۆ شاری هەڵمەت و قوربانی، بەخێربێن بۆ شارە حەیاتەکەی سلێمانی، بەخێربێن بۆ شەشەمین دیداری سلێمانی".

دیداری سلێمانی یەکەم دیداری لەمجۆرە بو، کە سیاسەتمەدار و خەڵکانی شارەزا و بەرپرسانی عێراقی و نێودەوڵەتی لە ژێر چەترێک کۆکردەوە

 
ئاماژەی بەوەشکرد، "دیداری سلێمانی یەکەم دیداری لەمجۆرە بو، کە سیاسەتمەدار و خەڵکانی شارەزا و بەرپرسانی عێراقی و نێودەوڵەتی و کۆمەڵگەی مەدەنی و راگەیەندکار و خەڵکانی خەمخۆری لە ژێر چەترێک کۆکردەوە بۆ تاوتوێکردنی بابەتە گرنگەکانی ئەم سەردەمە، وە سەلماندویەتی یەکێکە لە دیدارە گرنگەکان کە ساڵێکدا ئەنجامدەدرێت".

سەرکەوتنی دیداری سلێمانی بەستراوە بە دیدی د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق

 

تاڵەبانی وتیشی، "سەرکەوتنی دیداری سلێمانی بەستراوە بە دیدی بەڕێزێک، بە ماندوبونی بەڕێزێک، بە خەمخۆری و پەرۆشی بەرێزێک بۆ رێکخستنی ئەم دیدارە، بەڕێزێک کە رەنگە 20 ساڵ لەمەوبەر ئەو خەونی بینیوە لە شارەکەی خۆی دیدارێکی ئاوا ئاست بەرز ئەنجامبدرێت ساڵ لەدوای ساڵ خەریکە دەبێتە دیدارێک کە لەناوچەکەدا بێوێنە بێت، ئەو کەسەش د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراقە، کە سەرەڕای کارەکانی خۆی هێشتای خەمخۆری رێکخستنی ئەم دیدارەیە".

جێگری سەرۆکی حکومەت ئەوەشی وت، ئەم کێشانە کێشەی سەرەکی و تاکە تەحەدی بەردەم عێراق نییە، بەڵکو گەورەترین تەحەدی لەبەردەم عێراق و بە کوردستانیشەوە چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵانی خەڵکە.

عێراق لە جەنگێکی تردایە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش

 

قوباد تاڵەبانی رونیکردەوە، عێراق لە جەنگێکی تردایە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، داعش لە ئێستادا خاوەنی خاک نییە و بووەتە رێکخراوێکی تیرۆرستی.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و عێراق، قوباد تاڵەبانی وتی، "خۆشبەختانە لە ئێستادا پەیوەندییەکی بەهێزتر و کاریگەرتر هەیە لە نێوان هەرێم و عێراقدا، دوو رۆژ بەر لە ئێستا هەنگاوێکی گرنگ بۆ پێشخستنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نرا، بۆیە بە حکومەتێکی نوێ لە بەغداد و هەرێم بە پابەندبوونی هەردوو حکومەت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانیان و هەماهەنگییەکانیان ئەوا دڵنیام ئەو دەرفەتە مێژووییەی بۆمان رەخساوە دەبێتە مایەی خێر و خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی عێراق و کوردستانیش".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP