یه‌كێتى پێى وایه‌ پێكهاته‌كان له‌ پرسه‌كه‌ تێنه‌گه‌یشتون
عه‌ره‌ب و توركمانەکانی کەرکوک تێكه‌ڵكردنى پرسى پارێزگار به‌كابینه‌ى نۆ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌

- 3/5/2019 10:27:00 PM 3969 جار خوێندراوەتەوە
کەرکوک

خه‌ندان-

پێكهاته‌ى عه‌ره‌ب و توركمان له‌ كه‌ركوك تێکەڵکردنى دۆسیەى کەرکوک لەگەڵ پێکهێنانى حکومەتى هەرێم رەتدەکەنەوە، په‌له‌مانتارێكى یه‌كێتیش ده‌ڵێت،عەرەب و تورکمان لە پرسه‌كه‌ تێنەگەیشتون.

ئەمڕۆ سێشەمە، ئەنجومەنى عەرەبى لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، دژایەتى خۆیان بۆ تێکەڵکردنى پرسى دانانى پارێزگارى کەرکوک بە رێکەوتنەکەى نێوان یەکێتى و پارتى خستەڕوو، داوایان لە عەرەب و تورکمانەکانى کەرکوک کرد خۆیان بۆ هەر پێشهاتێک ئامادە بکەن.

دانانى پارێزگارى بۆ کەرکوک لەلایەن یەکێتى و پارتیەوە بە"سەپاندنى پارێزگار" ناوبردوە

هەروەها دەستەى رێکخەرى باڵاى تورکمانى عێراقیش، لە راگەیەنراوێکدا، دانانى پارێزگارى بۆ کەرکوک لەلایەن یەکێتى و پارتیەوە بە"سەپاندنى پارێزگار" ناوبردوە، بە پێویستى زانیوە ئەو پرسە بەتەوافق یەکلایى بکرێتەوە.

هاوكات، ئایدن مەعروف سەرۆکى کوتلەى بەرەى تورکمانى لەپەرلەمانى کوردستان، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاندوه‌، ناکرێت پرسى دانانى پارێزگارى کەرکوک تێکەڵ بە دۆسیەى پێکهێنانى حکومەتى هەرێم بکرێت.

سەرۆکى کوتلەى بەرەى تورکمانى لەپەرلەمانى کوردستان وتیشى، پرسى پارێزگارى کەرکوک دەبێت بە رێککەوتن لە نێوان پێکهاتەکاندا یەکلایى بکرێتەوە.

عەرەب و تورکمان لە مەسەلەکان تێنەگەیشتون، بۆیە کاردانەوەیان نواندوە

لایەنە عەرەبى و تورکمانیەکان پێیانوایە، یەکێتى و پارتى لەرێگەى ئەنجومەنى پارێزگاوە هەوڵى وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک بدەن، بەو پێیەى زۆرینەى نێو ئەنجومەنەکەن، بۆیە سڕکردنى ئەنجومەن داواکارى ئەمڕۆى عەرەبەکان و پۆستى پارێزگاریش داواکارى تورکمان بوو.

محەمەد عوسمان پەرلەمانتارى پێشوى یەکێتى لەپەرلەمانى عێراق بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند، پێیوایە عەرەب و تورکمان لە مەسەلەکان تێنەگەیشتون، بۆیە کاردانەوەیان نواندوە.

ئه‌و پەرلەمانتاره‌ى پێشوى یەکێتى لەپەرلەمانى عێراق وتیشى، بێ رێکەوتن و گفتوگۆ لەگەڵ عەرەب و تورکمان، هیچ هەنگاوێک نانرێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP