ئەندامانی ئەنجومەنی پیران: ئیدارەی ترەمپ كەمتەرخەم بوە لە دۆسیەی خاشقچی

- 3/5/2019 10:13:00 AM 1468 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆماریەكان و دیموكراتەكان بەهۆی كەمتەرخەمی ئیدارەی ترەمپ لەبارەی دۆسیەی كوشتنی خاشقچی-ەوە نائومێدبونی خۆیان راگەیاند.

دوێنێ دوشەممە، ژمارەیەك لە ئەندامانی  كۆماریەكان و دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا نیگەرانی خۆیان لەبارەی كەمتەرخەمی لە لێكۆڵینەوەكانی دۆسیەی كوشتنی جەمال خاشقچی دەربڕیوە و رایانگەیاندوە، ئیدارەی ترەمپ لە پێشكەشكردنی زیانیاری زیاتردا كەمتەرخەمە و پەیمانیاندا بۆ ئەو مەبەستە فشاری زیاتر دروستبكەن تا ئەنجامێكی باشتریان دەستبكەوێت.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و خەزێنەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریکا ئێوارەی دوشەممە  لەوبارەیەوە كورتەیەكیان پێشكەشی لیژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوە لە ئەنجومەنی پیران كردوە و ئەندامانی ئەنجومەنەكەش رایانگەیاندوە، هیچ شتێكی نوێیان لە بارەی دۆسیەكەوە نەدۆزیوەتەوە.
ئێستا كاتی ئەوە هاتوە لێكۆڵینەوەی زیاتر لە کوشتنی خاشقچی بكەین

 

لیندسی گراهام، سیناتۆری كۆماریەكان و دۆستی نزیكی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، "ئەوە تەنها كات بەفیڕۆدانێكی تەواوبو، من لەوان زیاترم دەزانی، ئێستا كاتی ئەوە هاتوە لێكۆڵینەوەی زیاتر بكەین".

هاوكات میت رۆمنی، سیناتۆری كۆماریەكان لەوبارەیەوە وتی، "كارەكان بە هیچ شێوەیەك یاریدەدەر نەبوە، نەچونە پێشەوەی لێكۆڵینەوە و كاروبارەكانیش بۆ ئێمە نائومێدیە".
پێویستە سزای نوێ بەسەر سعودیەدا بسەپێندرێت

 

بۆب مێنێندێز، یەكێك لە گەورەترین سیناتۆری دیموكراتەكان لە لیژنەكەدا رایگەیاندوە، "پێویستە سزای نوێ دابنرێت، لە رێگەی پڕۆژەیەكەوە كە لەگەڵ گراهام ئامادەیانكردوە".

جیم ریچ، سیناتۆر-ی كۆماریەكان و سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوەكە بەشدارینەكرد لەو رەخنانەی روبەڕوی ئیدارەی ترەمپ كرایەوە، بەڵام هەوڵیداوە بۆ دەستكەوتنی زانیاری زیاتر لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە، لە مانگی رابردودا و لە كۆتا كاتی دیاریكراودا بۆ خستەڕوی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لەبارەی دۆسیەی جەمال خاشقچی لەبەردەم كۆنگرێسدا دەستەی ئیدارەی ترەمپ دواكەوتن و نەیانتوانی لەكاتی خۆیدا ئامادەبن.

هاوكات لە سعودیە، سێ كەس بە تۆمەتی كوشتنەكە دەستگیركران، بەرپرسانی وڵاتەكەش رەتیانكردەوە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە دەستی لە كوشتنی خاشقچی-دا هەبێت، کە پێشتر ئەو تۆمەتەی ئاڕاستە کرابو.

جەمال خاشقچی، رۆژنامەنوس و نوسەری سعودی سعودی، دوای ئەوەی بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆسەی هاوسەرگیری سەردانی کونسوڵخانەی سعودیەی کرد لە ئیستەنبوڵ، ڕۆژی 2ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردو دیار نەما و دواتر بەرپرسانی سعودیە رایانگەیاند خاشقچی بەهۆی دروستبونی شەڕ لە توركیا لەنێو کونسوڵخانەکەیاندا کوژراوە. 


نیشانەکردن :

#ئه‌مه‌ریكا #سعودیە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP