هه‌وڵى سه‌رۆككۆمار به‌رزده‌نرخێنن
پڕۆژه‌ یاسایه‌كى تایبه‌ت به‌كه‌سوكارى قوربانیانى سپایكه‌ر ئاماده‌ ده‌كرێت

- 3/4/2019 9:34:00 PM 6243 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سەرۆک بەرھەم ساڵح رایگه‌یاند، سه‌رۆکایه‌تی کۆمار پڕۆژە یاسایەکی تایبەت بە قوربانیانى تاوانی سپایکەر و بەشەھید تۆمارکردنیان ئاماده‌ ده‌کات، ھاوکات داواشیکرد که‌ ئەنجومەنی نوێنەرانیش پرۆژه‌که‌ وەک وەفایەک بۆ کەسوکاری شەھیدانی سپایکەر په‌سه‌ند بکات.  

نوسنگه‌ى راگه‌یاندنى سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراق بڵاویكرده‌وه‌، سەرۆککۆمارد. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ دووشەممە، لە کۆشکی سەلام  پێشوازیکردوه‌ لە کەسوکاری قوربانیانی کۆمەڵکوژی سپایکەر، که‌ تیایدا ھەریەک لە وەزیری تەندروستی عەلا عەلوان و پەرلەمانتار فایەق شێخ عەلی ئامادەبون.

ئەمە ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆییه‌ و ئێمەش پێویسته‌ چاودێری دۆسیه‌کەیان بین

لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ساڵح ئاماژەیکرد، بەتاوان و کارەساتی کۆمەڵکوژی سپایکەر و دڵگرانی خۆیشی دەربری کە تا ئێستا وەک پێویست ئاوڕنەدراوەتەوە لەکەسوکاری قوربانیان، جەختیشی کردەوە کە ئەمە ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆییه‌ و ئێمەش پێویسته‌ چاودێری دۆسیه‌کەیان بین و داواکاری کەسوکاریان جێبەجێ بکەین.

کەسوکاری قوربانیانی سپایکەر ھەوڵەکانی سەرۆک کۆماریان بۆ نەھێشتنی لەمپەرەکانی بەردەم کارەکانیان لە دەزگاکانی حکومەتدا بەرز نرخاند

ھەر له‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا  سەرۆک بەرھەم ساڵح، گوێبیستی نەھامەتیە پڕ ئازارەکانی کەسوکاری قوربانیان بو لەگەڵ قەبارەی ئەو کارەساتەی کەبەدەست تیرۆریستانەوە دوچاری ھاتون، دوباره‌ جه‌ختی له‌ ھاوخەمی و پشتگیری خۆی بۆ جێبەجێکردنی داوا ڕەواکانیان کردەوە.

هه‌روه‌ها، کەسوکاری  شەھیدانی سپایکەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوانیدا پاش دیدارەکەیان لەگەڵ سەرۆککۆمار لە کۆشکی سەلام ھەوڵەکانی سەرۆک کۆماریان بۆ نەھێشتنی لەمپەرەکانی بەردەم کارەکانیان لە دەزگاکانی حکومەتدا بەرز نرخاند و ڕێز و پێزانینی خۆیان بۆ ھەوڵەکانی ده‌رباره‌ى ئامادەکردنی یەکەم پڕۆژە یاسا ده‌ربڕی کە مافەکانیان بپارێزێت لەگەڵ پێشکەشکردن و چاودێری و گرنگیدانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دۆسیه‌کەیان.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP