فەتح و سائیرون لەسەر دورخستنەوەی فالح فەیاز رێككەوتن

- 3/4/2019 9:07:00 PM 3770 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت تەواوكردنی كابینەی وزارییەكەی عادل عەبدولمەهدی و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لیژنەكان دو تەحەدای بەردەم خولی داهاتوی دانیشتنەكانی پەرلەمان، دەشڵێت فەتح و سائیرون لەسەر دورخستنەوەی فەیاز بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ رێككەوتون.

سائیرون و فەتح بڕیاریانداوە كەسانی تایبەتمەند كاندید بكەن بۆ وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری

 

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكی تایبەتدا بە خەندان-ی راگەیاند:"گرنگرترین كارەكانی دانیشتنی خولی دوەمی پەرلەمانی عێراق تەواوكردنی كابینە وەزارەییەكەی عادل عەبدولمەهدی كە هێشتا وەزارەتەكانی (ناوخۆ، بەرگری،داد) بە بەتاڵی ماونەتەوە، بەڵام پێموانییە ئەو كارە بە ئاسانی بكرێت، هەروەها یەكلاكردنەوەی سەرۆكی لیژنە پەرلەمانییەكان كە ئەوەش كارێكی زەحمەتە و پێموانیە بە ئاسانی بتوانرێت تێپەڕێنرێت، بۆیە ئەم دوو كارە تەحەدای گەورەن لەبەردەم پەرلەماندا".

وتیشی: "هاوپەیمانی سائیرو كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات لەگەڵ هاوپەیمانی فەتح كە هادی عامری سەرۆكیەتی، رێككەوتون كە فالح فەیاز لە كاندیدی بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ دوردەخرێتەوە و چیتر كێبڕكێ ناكات لەسەری كە كێشەی سەرەكی نێوانیان بو، بڕیاریشیانداوە كە لە كەسانی تایبەتمەند بە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری خەڵك كاندید بكەن، بەڵام هەتا ئێستا ناوەكان دیار نییە".

فالح فەیاز كاندید بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق

وابڕیارە 9ی ئازار دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق دەسپێبكاتەوە و گرنگترین ئەو خاڵانەشی كاری لەسەردەكرێت لەم خولەی دانیشتنەكانی پەرلەمان دەنگدان دەبێت بەو كاندیدانەی عادل عەبدولمەهدی پێشكەشی دەكات بۆ وەرگرتنی هەریەك لە وەزارەتەكانی داد و ناوخۆ و بەرگری.

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP