حكومەتی عێراق بڕیاریدا بە خەرجكردنی بەشە بودجەی سێ مانگی كۆتایی 2018 ی هەرێم

- 3/4/2019 8:07:00 PM 85543 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێكی خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق وەڵامی نوسراوێكی وەزارەتی دارایی عێراقی داوەتەوە و رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای 2019 و بەشە بودجەی سێ مانگی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2018.

ئەمین بەكر ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی تایبەت بۆ خەندان رایگەیاند: بەپێی ئەو زانیارییانەی لە نوسینگەی وەزارەتی دارایی وەرمگرتوە، لەماوەی رابردودا وەزارەتی دارایی نوسراوی كردبو بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەربڕینی رەزامەندی لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2019 كە بۆ هەر مانگێك بڕەكەی 522 ملیار دینارە، هاوكات ناردنی بەشە بودجەی سێ مانگی كۆتایی ساڵی 2018 بۆ هەرێمی كوردستان كە هەر مانگێك 317 ملیار دینارە.
وەزارەتی دارایی پارەی سێ مانگی كۆتایی ساڵی 2018 كە بڕی 317 ملیار دینارە بۆ هەرمانگێك دەنێرێت

 

ئەمین بەكر وتیشی: "ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی عێراقی راسپاردوە بۆ ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان كە بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2019عێراق بڕی 522ملیار دینار بۆ هەریەک لەمانگی کانونی دوەم و شوبات دەنێرێت".

ئەوەشی خستەرو كە "بەپێی بڕیارەکە پارەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2018 کە بڕی 317ملیار دینارە بۆهەر مانگێک دەنێردرێت ، بەم شێوەیە بێت پارەیەکی تەواو دێتە هەرێمی کوردستانەوە کە پێویست دەکات حکومەتی هەرێم موچەی مانگی یەک و دووی ساڵی 2019 بەبێ پاشەکەوت بداتە موچەخۆرانی هەرێم".

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP